پێشنیارێكی نوێ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرا كرا


وێستگه‌نیوز
موعین ئه‌لكازمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێشنیارێكی نوێی، بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاشكرا كرد.


موعین له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی سۆمه‌رییه‌ نیوز ده‌ڵێت: "تا ئێستا ناكۆكییه‌كانی نێوان هێزه‌ سونه‌كان، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌رده‌وامه‌. هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سیاده‌ و عه‌زم، ده‌یانه‌وێت نوێنه‌ره‌كانی خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ردا محه‌مه‌د حه‌لبوسی پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌قه‌دوم، پۆستی سه‌رۆكایه‌تی په‌له‌مان وه‌ربگرێت".

ئه‌لكازمی ده‌ڵێت: "حه‌لبوسی گه‌شتووه‌ به‌ قۆناغێك، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كوتله‌ی ته‌قه‌دوم، وه‌ك كاندید بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بخاته‌ڕوو، له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێویسته‌ یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت. به‌ڵام چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له‌پێناو پاراستنی یه‌كێتی پێكهاته‌ی سونه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "پێشنیارێك هه‌یه‌، به‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی ته‌قه‌دوم بێت، له‌ به‌رامبه‌ردا حیزبه‌كه‌ی حه‌لبوسی، به‌ پێدانی 3 وه‌زاره‌تی دیكه،‌ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌".

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی عێراق، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ئه‌م بابه‌ته‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت. پێشتر به‌ ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران و مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان، دانوستان ئه‌نجامدرا، به‌ڵام نه‌گه‌شتنه‌ چاره‌سه‌ر".

له‌ 14ـی تشرینی دووه‌می 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ش په‌رله‌مانی‌ عێراق بێ‌ سه‌رۆك مایه‌وه‌.

له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق پڕبكرێته‌وه‌ و پۆسته‌كه‌ له‌لایه‌ن جێگره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.


PM:09:40:25/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو