دوای نوێژی به‌یانی خۆی كوشت و په‌یامێكیشی جێهێشت

‌شێخ ئیسماعیل

وێستگه‌ نیوزـ

له‌ سه‌نته‌ری ئه‌لعسیرات، له‌ باشوری پارێزگای سۆهاج له‌ سه‌عیدی میسر، به‌ره‌به‌یانی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، كاره‌ساتێك روویدا، تێیدا گه‌نجێك كه‌ له‌ سییه‌كانی ته‌مه‌نیدابوو، له‌ ناو ماڵه‌كه‌ی خۆی و له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی گوریسێكه‌وه‌، به‌خۆهه‌ڵواسین كۆتایی به‌‌ ژیانی خۆی هێنا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سۆهاج، له‌ رێگه‌ی به‌رپرسی بنه‌كه‌ی پۆلیسی ئه‌لعسیراته‌وه‌، له‌و رووداوه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌و دوای گه‌شتنه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌، ده‌بینن ئیسماعیلی قورئانخوێن، له‌ بنمیچی ژووره‌كه‌یه‌وه‌، به‌ گوریسێك خۆیهه‌ڵواسیوه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێش نیو كاتژمێر له‌ رووداوه‌كه‌، له‌گه‌ڵ دانیشتوانی شارۆچكه‌كه‌ی، نوێژی به‌یانی ئه‌نجامداوه‌.

ئیسماعیل به‌ر له‌ مردنی، له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، وه‌سیه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا داوای لێبوردن "له‌و كاره‌ی ده‌كات و داوا ده‌كات لێخۆشبن و نزای بۆ بكه‌ن".

دواتر ته‌رمه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزیشكی دادوه‌ری و داواكاری گشتی ده‌ستی كردوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی راسپاردوه‌، به‌ چری و به‌ وردی، لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر هۆكار و هه‌لومه‌رجی رووداوه‌كه‌، ده‌ستپێبكه‌ن.

وه‌سیه‌تنامه‌ی كۆچكردوو
ئیسماعیل به‌ر له‌وه‌ی كۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت، له‌ په‌یجه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: "خودایه‌ چه‌ند حه‌زم ده‌كرد به‌ هیچ گوناهێكه‌وه‌ نه‌یه‌م بۆ لات، كه‌چی ئه‌وه‌تا به‌ گه‌وره‌ترین گوناهه‌وه‌ هاتووم بۆ لات كه‌ بریتییه‌ له‌ خۆكوشتن. به‌ڵام خودایه‌ لێبوردن و ره‌حمه‌تی تۆ هه‌مو شتێك ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ خودایه‌ لێم خۆشبه‌ و بمبه‌خشه‌. هه‌روه‌ها هیوادارم هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵه‌م له‌ به‌رامبه‌ریدا كردبێت، لێم خۆشبیت و بمبه‌خشێت. تكایه‌ خێر و سه‌ده‌قه‌م بۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ له‌ته‌ خورمایه‌كیش بێت. تكا له‌ قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم ده‌كه‌م، نزای ره‌حمه‌ت و لێخۆشبوونم بۆ بكه‌ن، هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت له‌ ره‌مه‌زاندا، وه‌ك خێرێك بۆ من، قورئان خه‌تم بكات.

هیوادارم دایك و باوكم و خوشكه‌كانم و داپیره‌م و خۆشه‌ویستانی دیكه‌م، له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ی كردوومه‌، لێم خۆشببن و كه‌س بۆ من خۆی غه‌مبار نه‌كات و جلوبه‌رگی ره‌ش نه‌پۆشێت، من دڵنیام له‌ شوێنێكی باشتردام، دایكه‌ نه‌كه‌ی خه‌فه‌ت بخۆیت و خۆت ره‌شپۆش بكه‌یت".

هه‌واڵی مه‌رگی ئیسماعیل، وه‌ك بروسكه‌ وابوو بۆ هاوڕێكانی و به‌ بیستنی هه‌واڵه‌كه‌ حه‌په‌سان، له‌وه‌ی چۆن شێخ ئیسماعیل ئه‌م كاره‌ی كردووه‌، دواتر هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ده‌ربڕینی ماته‌مینی.

پاشان هاوڕێكانی و دانیشتوانی شارۆچكه‌كه‌ی، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی شێخ ئیسماعیل بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، تێدا رووی ده‌می له‌ گه‌نجانه‌ و ئامۆژگاریان ده‌كات له‌ خودا بترسن و په‌له‌ی سه‌ركه‌وتنیان نه‌بێت و كۆتاییه‌كان بۆ خودا به‌جێبێلن. داوایان لێ ده‌كات به‌هێزبن و هیوا و ئاواتیان هه‌بێت و سه‌یری به‌ر پێی خۆیان نه‌كه‌ن، به‌ڵكو هه‌میشه‌ سه‌یری پێشه‌وه‌ بكه‌ن و رۆژێك دێت، هه‌رچه‌نده‌ شه‌پۆله‌كانی شكست بتانهێنن و بتانبه‌ن، هه‌ر ده‌گه‌نه‌ كه‌ناری سه‌ركه‌وتن.


PM:08:57:25/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 4400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو