وتەبێژی کۆمسیۆن: 5 تا 10ی حوزەیران وەک وادەیەکی بەرایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد: لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا كه‌ سێشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، 5-10ی حوزەیرانیان وەک وادەیەکی بەرایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و چاوەڕێی نووسراوی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەکە.

وتیشی: بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 70 ملیار دیناریان پێویستە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ تەرخانکردنی پارەکە.

سه‌باره‌ت به‌ لیست و حزبه‌ به‌شداربووه‌كان، جومانە غەلای وتی، پێشتر 21 حزب لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و 17 حزبیش لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان سەربە کۆمسیۆن خۆیان تۆمار کردبوو و دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنیش سەرلەنوێ دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ حزب و هاوپەیمانییەکان دەکرێتەوە.

بەوتەی جومانە غەڵای: لە هەڵبژاردنەکەدا هەرێمی کوردستان دەکرێتە چوار بازنە و 100 کورسییەکەی پەرلەمانیش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.

هاوكات هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان رێکدەخەن و تێیدا بەرچاوروونی تەواویان پێدەدەن لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کارەکانیان بێ گرفت و کێشە بکەن.


PM:03:03:28/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت