بۆریل: ئیسرائیل، پاره‌ی بۆ حه‌ماس دابینكردووه‌

‌جۆزێب بۆریل، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا

وێستگه‌نیوز-
دوای پێنج مانگ له‌ شه‌ڕێكی خوێناوی و هاوكات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی هۆشدارییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و نێوده‌ڵه‌تییه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كاره‌ساتباری كه‌رتی غه‌ززه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا ره‌خنه‌كانی خۆی له‌ پێشێلكارییه‌كانی ئیسرائیل دووباره‌ كرده‌وه‌.


جۆزێب بۆریل، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، رایگه‌یاند پلانه‌كانی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌رباره‌ی غه‌ززه‌: "قبووڵكراوو نییه‌".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ی شوباتی 2024، بۆریل له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "ئێل پاییس"ی ئیسپانی رایگه‌یاند: "تۆوی رق و كینه‌، بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ی داهاتوو چێنراوه‌، شاراوه‌ نییه‌ ئیسرائیل، پاره‌ی بۆ حه‌ماس دابینكردووه‌ و رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ دابه‌شكردنی فه‌له‌ستنییه‌كان‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "حه‌ماس بریتییه‌ له‌ فیكر، دژایه‌تیكردنی فیكر، ته‌نها به‌ فیكرێكی دی ده‌كرێت".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ڵویستی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر  جه‌ماوه‌ریی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌ ناوه‌ندی ده‌نگده‌ره‌ گه‌نجه‌كانی دیموكراته‌كان هه‌بووه‌.

ئێمه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی كاره‌ساتداین

ئه‌و به‌رپرسه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئیسرائیل، له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ی وێرانكراو و گه‌مارۆدراو، برسییه‌تی وه‌ك چه‌كێك به‌كارده‌هێنێت و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ چه‌قی كاره‌ساته‌كه‌داین، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ناچار بووه‌ كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كان هه‌ڵپه‌سێرێت".

هه‌روه‌ها سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی برسییه‌تی له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، وه‌ك چه‌كێك، پێچه‌وانه‌ی یاسا نیوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.

له‌ كۆتایدا پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ غه‌ززه‌ به‌ ته‌واوه‌تی وێران بووه‌ و به‌كارهێنانی هێز، به‌ شێوه‌یه‌كی نا هاوسه‌نگ بووه‌.

لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌، ئه‌وه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی تازه‌ترین ئاماره‌كانی فه‌له‌ستین و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، دوو به‌شی بیناكانی غه‌ززه‌، یا به‌ ته‌واوه‌تی روخێنراون یان به‌شێكی وێران بووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌هۆی بۆردومانه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌، نزیكه‌ی 30 هه‌زار فه‌له‌ستینی كوژراون كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان ژن و منداڵن.

هاوكات هاتنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان بۆ ناوه‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌می كردووه‌. ئه‌مه‌ش وایكرد‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هۆشداری بدات له‌وه‌ی به‌م نزیكانه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، برسییه‌تی و كاره‌ساتی ته‌ندروستی رووده‌دات.


PM:09:33:25/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت