سەرۆکی کۆمیسیۆن: ھیچ ھۆکارێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەماوە


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ھیچ ھۆکارێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەماوە و کۆمیسیۆنیش ئامادەیی تەواوی ھەیە.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی کوردسات نیوز، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وتی: وەک کۆمیسیۆن ئامادەن بۆ ھەڵبژاردن بە ستانداری نێودەوڵەتی و شەفاف، لەڕووی تەکنیکی و لۆجستیشەوە لەوپەڕی ئامادەباشیدان. 

وتیشی، پێشبینی دەکەن لە 5 – 10ی مانگی 6 رۆژێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت و چاوەڕوانن سەرۆکایەتی ھەرێم لەو بارەیەوە مەرسومی سەرۆکایەتی دەربکات.

سه‌باره‌ت به‌  ژماره‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ مافی به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان هه‌یه‌، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشكرایكرد: نزیکەی 4 ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان ھەیە.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:
1. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی راپرسی و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.
2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.
3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:
1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 
2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.
3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.


PM:06:15:23/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت