سه‌رچاوه‌یه‌ك: 4 ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئاماده‌ن دان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا بنێن


وێستگه‌نیوز-
به‌وته‌ی‌ دوو سه‌رچاوه‌، چوار وڵاتی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دان به‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌له‌ستیندا بنێن.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 22ی شوباتی 2024، دوو سه‌رچاوه‌ی هاوشێوه‌، به‌ ئاژانسی سكای نیوزی عه‌ره‌بییان راگه‌یاندووه‌، وڵاته‌ گه‌وره‌كانی ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، گڵۆپی سه‌وزیان بۆ رازیبوون له‌سه‌ر دانپێدانانی تاك لایه‌نانه‌، به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین داگیرساند و ئیداره‌ی جۆ بایدن، به‌ شێوه‌یه‌كی جدیتر، بیر له‌ زه‌روره‌تی دانپیانان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین، ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م پرسه‌‌ هێشتا هه‌ر له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان، كه‌ دیپلۆماتكارێكه‌ و نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، رایگه‌یاند 4 ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، تاكلایه‌نانه‌، رازیبوون دان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا بنێن و ده‌وڵه‌تی پێنجه‌میش كه‌ بریتییه‌ له‌ ئه‌مریكا، تا ئه‌م چركه‌ساته‌، هێشتا رازی نییه‌ تاكلایه‌نانه‌ دان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا بنێت.

ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌، دووپاتیان كرده‌وه‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، پاڵپشتی له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ترسی وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، مافی ڤیتۆ به‌كاربێنێت، وایكردووه‌ جارێ چاوه‌ڕێ بكه‌ن و له‌سه‌ر ئاستی دیبلۆماتی له‌ نیویۆرك، هیچ پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش نه‌كه‌ن.

یه‌كێك له‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت ئیداره‌ی جۆ بایدن، به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی راگه‌یاندووه‌، له‌ ئێستادا، كاری هه‌ره‌ له‌پێشینه‌ی ئه‌مریكا، بریتییه‌ له‌ ئازادكردنی بارمته‌كان و راگرتنی كاتی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌. دوای ته‌واوبوون له‌و مه‌سه‌له‌یه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیسرائیل، ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پلانێكی نوێ بۆ ئاشتی و دانانی پلانێكی زه‌مه‌نی بۆ جێبه‌جێكردنی.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌كانی رابردوودا، رازی نه‌بووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر پلانه‌كه‌ بكات و گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ پێداگری جۆ بایدن، به‌ پێویستی قسه‌كردن له‌سه‌ر پلانێكی نوێ بۆ ئاشتی و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی سیاسی بۆ ململانێی فه‌له‌ستین- ئیسرائیل، وایكرد په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو كه‌سه‌، بۆ ماوه‌ی 3 هه‌فته‌، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سستی تێبكه‌وێت.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ قسه‌ی زیاتر كردووه‌ و ده‌ڵێت ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی و عه‌ره‌بی، هانی ئه‌مریكا ده‌ده‌ن- ئه‌گه‌ر لایه‌نی ئیسرائیلی، سوور بوو له‌سه‌ر تێڕوانینی خۆی و رازی نه‌بوو‌ به‌شداربێت له‌ پلانی ئاشتیدا- ئه‌وا پێویسته‌ ئه‌مریكا تاك لایه‌نانه‌ دان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا بنێت.


PM:11:11:22/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو