سه‌ربازه‌ ئۆكرانیییه‌كان (دوای مردن) ده‌توانن منداڵیان ببێت


وێستگه‌نیوز-
له‌ كاتێكدا خاتوو ناتالینا ئه‌نتۆنیكۆی ئۆكرانی، ‌دوای له‌ دایكبوونی كچه‌كه‌یان ڤیتالینا، هه‌وڵیدا له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی "سپێرمی به‌ستووی" هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، منداڵیكی دیكه‌یان هه‌بێت. كه‌چی سه‌یری كرد یاسای وڵاته‌كه‌ی، رێگه‌ به‌وه‌ نادات، چونكه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی روسیا و له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كه‌دا كوژراوه‌.


به‌ڵام به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی تۆڕی هه‌واڵی "سی ئێن ئێن"ی ئه‌مریكی، سه‌رله‌نوێ هیوا و ئومێد بۆ ئه‌و خاتوونه‌ ئۆكرانییه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌، له‌ ماوه‌ی پێشووی ئه‌م مانگه‌دا، یاسایه‌كی ده‌ركرد، تێیدا رێگه‌ به‌ به‌كارهێنانی سپێرم و هێلكۆكه‌ی به‌ستووی سه‌ربازه‌كان ده‌دات كه‌ له‌ جه‌نگدا كوژراون.

ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ هه‌ر كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك ڤلۆدیمێر زیلینسكی-یه‌وه‌ واژۆ كرا، ده‌بێت به‌ یاسا و ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌‌ رێگه‌ به‌ هاوسه‌ری (بێوه‌ژنی) سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ئۆكرانیا ده‌درێت، بۆ له‌دایكبوونی منداڵ، خانه‌كانی تایبه‌ت به‌ منداڵخستنه‌وه‌"سپێرم و هێلكۆكه‌"ی هاوسه‌ره‌ كوژراوه‌كانیان به‌كاربێنن.

هه‌روه‌ها یاساكه‌ رێگه‌ به‌ سه‌ربازه‌ برینداره‌كان ده‌دات، ئه‌گه‌ر به‌هۆی برینه‌كه‌یانه‌وه‌، نه‌یانتوانی به‌ رێگه‌ی سروشتی منداڵ دروست بكه‌ن، ئه‌وا بۆیان هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی خانه‌كانی منداڵبوونه‌وه‌، منداڵیان ببێت.

له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا هاتووه‌، دوای مردنی سه‌ربازه‌كه‌، چ نێر چ مێ، ده‌وڵه‌ت خه‌رجی هه‌ڵگرتنی ئه‌و خانه‌ به‌ستووانه‌، بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، له‌ هه‌مان كاتدا، دڵنیایی ده‌درێت به‌وه‌ی له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌دا، ناوی باوك یان دایكی راسته‌قینه‌ (باوك یان دایكی بایۆ‌لۆژی) كه‌ مردووه‌، تۆمار ده‌كرێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی سی ئێن ئێن، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه،‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ئۆكرانیا، به‌ شێوه‌یه‌كی ورد راناگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌مریكا، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانی ئۆكرانیا، نزیكه‌ی 70 هه‌زار سه‌رباز و دوو هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش، بریندار هه‌بێت و ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌‌، دوای مردنی سه‌ربازه‌كان، پارێزگاری له‌ وه‌چه‌كانیان ده‌كات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی، له‌ مانگی ئابی ساڵی رابردوو، باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌ سه‌روبه‌ندی قۆناغی یه‌كه‌می گفتوگۆكان، له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌، یاسادانه‌ره‌كانی پرۆژه‌ یاساكه‌، هه‌ڵگرتن و پاراستنی سپێرمی سه‌ربازه‌‌ كوژراوه‌كانیان، وه‌ك "ئه‌ركێكی نیمچه‌ نیشتیمانی" داده‌نا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ خواست له‌سه‌ر رووكردنه‌ تاقیگه‌ ته‌ندروستییه‌كانی تایبه‌ت به‌م حاڵه‌ته‌، له ‌زیانبووندایه‌.

رۆژنامه‌ی ناوبراو، ده‌ڵێت هه‌ندێك له‌ سه‌ربازه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌ن دڵنیابنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان: "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ڕه‌كه‌شدا بكوژرێن، ئه‌وا هێشتا هاوسه‌ره‌كانیان ده‌توانن خێزان دروست بكه‌ن".

تاقیگه‌ی كۆرپه‌له‌ناسی له‌ كێیڤ، رایگه‌یاندووه‌ هه‌فتانه‌، سپێرمی نزكه‌ی 10 سه‌رباز، هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو پرۆژه‌ یاساكه‌، هێشتا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرا و جارێ كه‌س دڵنیانه‌بوو له‌وه‌ی حكومه‌ت، خه‌رجی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌خۆده‌گرێت.

زه‌حمه‌ته‌ به‌ وردی ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ ئۆكرانییانه‌ بزانرێت كه‌ سپێرمی خۆیان به‌ به‌ستوویی هه‌ڵگرتووه‌. به‌ڵام ئه‌لسكه‌نده‌ر میخائیلۆڤیچ كه‌ پزیشكه‌ و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ئۆكرانییه‌ بۆ پزیشكی زاوزێ/ للطب التانسلي، به‌ رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی راگه‌یاندوه‌، داواكارییه‌كان له‌ تاقیگه‌كانی سه‌رتاپای ئۆكرانیا، زیادیكردووه‌.

ئه‌و پزیشكه‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌، به‌كارهێنه‌رانی سپێرمی به‌ستوو، ته‌نها له‌ لایه‌ن بێوه‌ژنه‌كانه‌وه‌ به‌كارنه‌یه‌ت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌شه‌وه‌ به‌كارده‌هێنریت كه‌ هاوسه‌ره‌كانیان، تووشی برینداربوونی جه‌سته‌یی  یان عه‌قڵی بوون و وای لێكردوون كه‌ نه‌توانن به‌ رێگه‌ی سروشتی پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

خاتوو ناتالینا ئه‌نتۆنیكۆ به‌ تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن  ئێن-ی راگه‌یاندووه‌، لانی كه‌م پلان بۆ له‌دایكبوونی منداڵێكی دیكه‌ داده‌نێت و ده‌ڵێت هاوسه‌ره‌ كۆچكردووه‌كه‌ی "به‌و ئومێده‌وه‌ ده‌جه‌نگا، بتوانن خێزانێك دروست بكه‌ین".

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كه‌، سوپای ئۆكرانیا، هه‌مو كۆت و به‌ندێكی له‌ به‌رده‌م دامه‌زراندنی ژنان له‌ سوپا لابرد، هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی نه‌هێشت كه‌ سه‌ربازه‌ ژنه‌كان، بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌ سه‌ربازییه‌كان له‌به‌رده‌میاندا بوو، ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ی تایبه‌تن به‌ شه‌ڕكردن له‌ به‌ره‌كان جه‌نگه‌كه‌دا. ئه‌م دۆخه‌ وایكردووه‌، ژنان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌كه‌دا، له‌هه‌مو كات زیاتر رووبه‌ڕووی مردن ببنه‌وه‌.

ماریا، سه‌ربازێكی ئۆكرانییه‌ و ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌، ده‌ڵێت دوای په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هێلكۆكه‌كانی به‌ به‌ستوویی هه‌ڵبگرێت، ئاماژه‌ی بۆ‌ ئه‌وه‌شكردووه‌ له‌ حاڵی حازردا، مۆڵه‌تی دایكایه‌تی وه‌رگرتووه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌شی له‌ ریزی هێزه‌ چه‌كداره‌كان خزمه‌ت ده‌كات.

ئه‌م خاتوونه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی نا دڵنیاییدا ده‌ژین، من و هاوسه‌ره‌كه‌م، بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ماوه‌یه‌كی دی، منداڵكی دیكه‌مان هه‌بێت". سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری هه‌ڵگرتنی خانه‌كانی زاوزێ به‌ شێوه‌ی به‌ستوو، ده‌ڵیت: "ده‌مانه‌وێت ئه‌م بژارده‌یه‌مان له‌ به‌رده‌ستدا بێت، نه‌بادا شتێك رووبدات. ئه‌وه‌ وه‌ك رێزلێنانێكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ رێگه‌ی به‌رگریكردن له‌ نیشتیمانه‌كه‌یان، گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌. ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌ ناو جه‌سته‌ی منداڵه‌كانیانه‌وه‌، سه‌رله‌نوێ زیندووببنه‌وه‌".



PM:05:53:22/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت