دینارته‌... به‌هۆی‌ بۆردوومانی‌ توركیاوه‌ 2 هاوڵاتی‌ گیانیان له‌ده‌ست دا


وێستگه‌نیوز-
به‌هۆی‌ بۆردوومانی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیاوه‌ بۆسه‌ر گوندێكی‌ ناحیه‌ی دینارته‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك دوو هاوڵاتی‌ گیانیان له‌ده‌ست دا.


شایه‌تحاڵێك به‌ وێستگه‌نیوزی‌ راگه‌یاند كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ توركیا به‌ فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌ گوندی كافیای له‌ سنووری ناحیه‌ی دینارته‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك بۆردوومانكرد.

شایه‌تحاڵه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ماوه‌یه‌كه‌ گونده‌كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ چۆڵ كراوه‌ و ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ گونده‌كه‌ كه‌ ره‌ز و باخیان هه‌یه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گونده‌كه‌یان".

وتیشی‌: "له‌و كاته‌دا فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیا گونده‌كه‌یان بۆردوومان كردووه‌ و به‌پێی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان دوو هاوڵاتی‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هاوڵاتییه‌كیش بریندار بووه‌".

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا سوپای‌ توركیا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ سنووری‌ شاری‌ دهۆك بوونی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ناوه‌ناوه‌ش ئه‌و ناوچانه‌ بۆردوومان ده‌كات به‌پاساوی‌ بوونی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان.


PM:10:50:20/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت