وه‌زاره‌تی‌ دارایی نوێترین زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) له‌ سلێمانی‌ ده‌خاته‌ڕوو


وێستگه‌نیوز-
له‌میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ تیمی سه‌رپه‌رشتی پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من)، وه‌زیری‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) هه‌نگاوی گرنگی بڕیوه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌رانه‌".


وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/2/20 ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی پێشوازی كرد له‌ تیمی سه‌رپه‌رشتی پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ دیدارێكدا تیشك خرایه‌سه‌ر دواین به‌ره‌وپێشچونه‌كانی پرۆژه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌كرا تا ئێستا نزیكه‌ی (210) هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌ پارێزگای هه‌ولێر هه‌ژماریان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی (80) هه‌زار فه‌رمانبه‌ریش كارتی بانكیان وه‌رگرتۆته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك باس له‌ قۆناغێكی تری پرۆژه‌كه‌ كرا كه‌ دانانی كابینه‌ی ڕاكێشانی پاره‌یه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان، توانراوه‌ زیاتر له‌ 30 ئامێری پاره‌ ڕاكێشان له‌ناو شاری هه‌ولێر دابنرێت و به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌".  

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری دارایی و ئابووری پشتیوانی وه‌زاره‌تی بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌ دوپات كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌ن و میدیای نابه‌رپرسه‌وه‌ دژی پرۆژه‌كه‌ ده‌كرێت ناتوانێت له‌ گرنگی و بایه‌خی پرۆژه‌كه‌ بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی بانكی دیجیتاڵی و پێشكه‌وتوو كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ته‌واوی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران و هاوڵاتیاندایه‌".   

وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ڵێت: "له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر دواین ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆژه‌كه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و دهۆك كه‌ له‌ئێستادا تیمه‌كان سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی داتاو فۆڕمی فه‌رمانبه‌رانن و به‌م نزیكانه‌ ده‌ست به‌كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت و دواتریش خانه‌نشینان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان دێنه‌ ناو پرۆژه‌كه‌وه‌".   

جه‌ختیش له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ "ده‌رگای پرۆژه‌كه‌ كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر بانكێك بیه‌وێت بێته‌ ناو پرۆژه‌ی هه‌ژماری من به‌ مه‌رجێك ڕه‌زامه‌ندی بانكی ناوه‌ندی عێراقی هه‌بێت و مه‌رجه‌كانی پرۆژه‌كه‌ی تێدا بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند بانكێكی تر له‌ ئارادایه‌ و له‌ قۆناغی داهاتودا ژماره‌ی بانكه‌ به‌شداربووه‌كان له‌ پرۆژه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت".



PM:09:39:20/02/2024






ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت