وه‌ڵامی قسه‌كانی ده‌داته‌وه‌
سیپان ئێزیدی: قسه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی راست نین

‌سیپان خه‌لیل

وێستگە نیوز-

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌سما محه‌مه‌د، هاوسه‌ری ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌ركرده‌ی پێشووی رێكخراوی داعش، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌غدادی، زیاد له‌ 10 ئێزیدی، وه‌ك كه‌نیزه‌ك لا بووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ ته‌نها بۆ چه‌ند رۆژێك سیپان خه‌لیلی ئێزدی بینیوه‌، به‌ڵام سیپان وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

سیپان پێی باش نه‌بوو، له‌سه‌ر كه‌ناڵی ئه‌لعربییه‌ ده‌ركه‌وێت و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ نێت ئه‌نجامداوه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تووندی ئه‌منی كه‌ هه‌ر له‌ دوای په‌خشكردنی چاوپێكه‌وتنه‌كه ‌لێیكرا، هه‌روه‌ها بۆ سه‌لامه‌تی خۆی، حه‌زی نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ ده‌ركه‌وێت.

سیپان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ئه‌سما باسیكردووه‌، راست نییه‌ و روونیده‌كاته‌وه‌ دوای مردنی ئه‌بو محه‌مه‌د ئه‌لعه‌دنانی كه‌ به‌ ئه‌سمای ده‌وت دایكی خالد، نزیكه‌ی شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵ ئه‌سما ژیاوه‌ و ده‌ڵێت: "وه‌سیه‌تی ئه‌لعه‌دنانی بۆ ئه‌سما، ئه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ من، به‌ شێوه‌یه‌كی باش مامه‌ڵه‌ بكات و هه‌رگیز نه‌مگه‌ڕێنێته‌وه ‌بۆ خێزانه‌كه‌م‌".

ده‌فته‌رێك ژیانی سه‌روژێر كرد
سیپان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی له‌گه‌ڵیدا، باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌ره‌تا به‌ شێوه‌یه‌كی باش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه‌، ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام فرمانی به‌سه‌ردا كردووه‌ كاروباره‌كانی ماڵه‌وه‌ ئه‌نجام بدات، له‌وانه‌ پاكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كه ‌و به‌خێوكردن و چاودێریكردنی منداڵه‌ بچووكه‌كانی.

به‌ڵام دواتر بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ش ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ محه‌مه‌د، ده‌فته‌رێكی بچووكی لای سیپان دۆزیوه‌ته‌وه‌، ده‌فته‌ره‌كه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری له‌سه‌ر رێكخراوی داعش و سه‌ركرده‌كانی تێدا تۆماركراوه‌.

سیپان باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ناو ده‌فته‌ره‌كه‌دا تۆماری كردبوون، تووشی لێدان ده‌بێت و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئیدی ئه‌سما به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌سما داوای له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی كردووه‌ لێی بدات و ده‌ڵێت: "هاوسه‌ره‌كه‌ی چه‌ند جارێك لێیدام، جار هه‌بووه‌ له‌ یه‌ك كاتدا، هه‌م ئه‌سما و هه‌م هاوسه‌ره‌كه‌ی، لێیانداوم‌".

ئه‌سما زاڵم بوو
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی، له‌ كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، جه‌ختی لێكردووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی سه‌بایا و هه‌ڵسه‌وكه‌وتی داعش رازی نه‌بووه‌. سیپان سه‌رسوڕمانی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێ: "ئه‌و شێوازه‌ی قسه‌ی پێده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ ئه‌و بێ تاوانه‌، هه‌رگیز راست نییه‌، چونكه‌ ئه‌و زاڵم بوو".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و به‌ ناچاری هیچ شتێكی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو هه‌ر چییه‌كی ده‌كرد، به‌ ره‌زامه‌ندی خۆی كردوویه‌تی، ئه‌و له‌ كاروباری رێكخراوه‌كه‌دا، به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه‌".

سیپان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌سما، له‌ رایكردنی كاروباره‌كانی رێكخراوه‌كه‌دا به‌شداربووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌سما، دوای هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی، به‌شداربووه ‌له‌ دابه‌شكردنی ده‌سته‌كه‌وته‌كاندا. هه‌روه‌ها كه‌نیزه‌كی ده‌كڕی و بازرگانی پێوه‌ ده‌كردن و ده‌یهێنان بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌سما، نازناوی "دایكی ئیمانداران/ ام المومنین" بووه‌.

كاتێك ئه‌سما سه‌باره‌ت به‌وه‌ی رازی نه‌بووه‌ ئه‌میمه‌ی كچی، له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵیدا هاوسه‌رگیری بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ربییه‌ باسیكردووه‌، سیپان پێیوایه‌: "ئه‌وه‌ی وتوویه‌تی راست نییه‌، چونكه‌ له‌ رێخراوه‌كه‌دا، به‌شوودانی كچی منداڵ، مه‌سه‌له‌یه‌كی سروشتییه‌".

سه‌باره‌ت به‌و كچه‌ ئێزیدییه‌ بچووكه‌ی‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی ده‌ڵێت وه‌ك كچی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه‌، سیپان ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌و كچه‌ بچووكه‌ كه‌ ناوی ریهام بوو، بۆ ماوه‌ی مانگێگ له‌ گه‌ڵیدا ژیا و ته‌مه‌نی نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ بوو. به‌ڵام ئه‌سما دواتر فرۆشتی به‌ یه‌كێك له‌ خزمه‌كانی".

سیپان جگه‌ له‌وه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ فرۆشتنی كه‌نیزه‌ك، له‌ رێكخراوه‌كه‌دا، مه‌سه‌له‌یه‌كی باو بوو، كڕین و فرۆشتنه‌كه‌ زیاتر ژنان ئه‌نجامیانده‌دا تا پیاوان. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌نیزه‌كه‌كان خزمه‌تیان بكه‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ژنان كه‌نیزه‌كه‌كانیان به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م ده‌كڕێ، پاشان به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ده‌یانفرۆشتنه‌وه‌.

باس له‌وه‌ش ده‌كات هه‌فتانه‌ و به‌ وه‌جبه‌، كه‌نیزه‌كی تازه‌یان بۆ به‌غدادی ده‌هێنا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین كه‌نیزه‌ك، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسیان ده‌كرایه‌سه‌ر، خۆیان ده‌كوشت.

ژن و پاره‌ و ئۆتۆمۆبێل
سیپان له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك راكێشنه‌ ناو ریزه‌كانی داعشه‌وه‌، به‌ڵێنی موچه‌ی مانگانه‌ و ماڵ و ئۆتۆمۆبێل و ژن-یان پێده‌دان، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ داعش بیرۆكه‌ی حه‌زكردن له‌ ژنی داهێنا و ئه‌سما، وه‌ك هه‌مو ئه‌وانی دیكه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆكه‌كه‌وه‌، تێیدا به‌شداربووه‌.

هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی و ئه‌لعه‌دنانی 
ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ په‌یامنێره‌كه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌لعه‌دنانی له‌ ئه‌سمای كرد و ئه‌ویش رازی نه‌بوو وه‌ڵامی بداته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌ی بۆ ترس له‌ هه‌ستی منداڵه‌كانی گه‌ڕانده‌وه‌، سیپان به‌و وه‌ڵامه‌ شۆك بووه‌ و ده‌ڵێت: "به‌و قسه‌یه‌ شۆك بووم، ئه‌لعه‌دنانی سه‌ركرده‌یه‌كی رێكخراوه‌كه‌ بوو، له‌ به‌غدادییه‌وه‌ نزیك بوو، بۆ چه‌ندین سال له‌ ماڵی ئه‌واندا ژیاوه‌. خودی ئه‌لعه‌دنانی به‌ منی وتووه‌ خێزانی به‌غدادی، خێزانی دووه‌می منه‌".

له‌ كاتێكدا ئه‌سما جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "رێكخراوی داعش، مێژوویه‌كی ره‌ش بوو و كۆتاییهات"، سیپان پێوایه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ په‌یامێكی شاراوه‌یه‌ بۆ شانه‌ نووستووه‌كان تاكو به‌رده‌وام بن.

ئه‌ڵبه‌ته‌ ئاشكرایه‌ سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ ساڵی 2014، ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی له‌ عێراق و سوریا كۆنترۆڵ كرد و خه‌لافه‌ته‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند و تێیدا كۆمه‌ڵێك یاسای توندڕه‌ووی سه‌پاند، له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2019، له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ پارێزگای ئیدلب له‌ باكوری رۆژئاوای سوریا، كوژرا.

له‌و كات و ساته‌دا، دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند تیمێكی كۆماندۆ له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌ویان بینیوه‌ و دوای كه‌وتوون، به‌ڵام به‌غدادی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و كوڕه‌كه‌ی خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه‌.

رێكخراوه‌كه‌ له‌ ساڵی 2017 له‌ناوچوو، له‌و كاته‌دا به‌غداد سه‌ركه‌وتن و شكستپێهێنانی رێكخراوه‌كه‌ی راگه‌یاند. به‌ڵام هه‌ندێك له‌ شانه‌كانی، تا ێستاش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی په‌رشوبڵاو، هه‌ر  چالاكن.


PM:09:26:18/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 2396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت