دیوه‌خانێكی دیكه‌ی دێرین ئەحمەد ته‌قێندرایه‌وه‌

‌ساتی تەقاندنەوەی دووەم دیوەخانی دێرین ئەحمەد

وێستگه‌نیوزـ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 13ی شوباتی 2024، بەشێکی دیکەی قەڵای عوزێری لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەکانەوە تەقێندرایەوە.

دێرین ئه‌حمه‌د، پلەدارێکی پێشمەرگەیە لە یەکەی حەفتا و تۆمەتبارە بە وەرگرتنی سەرانە و تەقەکردن لە سەرمایەدارێک، بە فەرمانی دادوەر بڕیار دراوە دەستگیر بکرێت و دەست بەسەر تەواوی ماڵ و موڵکیدا بگیرێت.
 
ئەحمەد کامیل، ئەو سەرمایەدارەیە کە کۆتایی مانگی رابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی تەقەی لێكرا و گوایە بە فەرمانی دێرین ئەحمەد بووە، دوێنێ دووشەممە وتی: "دوو رۆژ پێش بریندارکردنم زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارم وەک سەرانە دابووە دێرین ئەحمەد".
 
قەڵا و خانووەکانی دێرین ئەحمەد دەکەونە سەر رێگەی دووکان- سلێمانی، جگە لە قەڵا و دیوەخان، چەندین خانووی دیکەی تیادایە و تەنانەت کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵیشی تیایه‌.
 
دوێنێ بەر لە رووخاندنی میوانخانەکەی، ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەوڵی دەستگیرکردنی دێرین ئەحمەد بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەسەر "داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشە لە سەرمایەدارێک" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و بڕیاری دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی دراوە.


AM:10:59:13/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 2104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت