كۆڵبه‌رێكی كورد له‌ سنووری شاری بانه‌ كوژرا

‌سەیوان سەحیحی

وێستگه‌نیوزـ

هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە کوژرا.
 
شەوی یه‌كشه‌ممه‌ 11ی شوباتی 2024، هێزی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد، یەکێکیان بە ناوی سەیوان سەحیحی، کە تەمەنی 20 ساڵە گیانی لە دەستدا.
 
سەیوان سەحیحی، خەڵکی گوندی بەلەکێی سەر بە شاری بانە بووە و دوای کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی و دواتر رادەستی کەسوکاریان کردووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2023دا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لانیکەم 41 کۆڵبەر کوژراون و 293 کۆڵبەر دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە ساڵی 2022یش 46 کۆڵبەر گیانیان لەدەستدابوو و244 کەسیش بریندار ببوون.
 
بەشێک لەو کۆڵبەرانە بە هۆکاری وەک تەقینەوەی مین، رووداوی هاتوچۆ، رەقبوونەوە، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی چەند هۆکارێکی دیکە گیان لە دەستدەدەن و بریندار دەبن، بەڵام لەو راپۆرتەدا وتراوە 85.5% کۆڵبەرەکان بە تەقەی هێزەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەکرێن.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 460 کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە هەزار و 400 کۆڵبەریش بریندار بوون، بەڵام هیچ تەقەکەرێک لەلایەن دامودەزگا دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادگەیی نەکراون.


AM:09:33:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو