سوپای ئیسرائیل رزگاركردنی دوو بارمته‌ی راگه‌یاند


وێستگه‌نیوزـ

دوای 128 رۆژ هێزەکانی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە دوو لەو بارمتانە رفێنراوەکانیان رزگارکرد، کە چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو رفاندبوویانن. 

سوپاکە لە راگەیه‌ندراوێکدا دەڵێت، بارمتەکان هەردووکیان "لە دۆخێکی تەندروستیی باشدان".
 
وه‌ك سوپای ئیسرائیل ده‌ڵێت، فێرناندۆ سایمن مارمان، تەمەن 60 ساڵ و ولۆوس هار، تەمەن 70 ساڵ هەردوو بارمتە رزگارکراوەکەن، کە گەڕێندراونەتەوە ئیسرائیل و گوازراونەتەوە نەخۆشخانە. 
 
ئەو دوو کەسە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە لایەن حەماسەوە لە کۆمەڵگەی جوونشینی نیر ئیسحاق لە نزیک غەززە ده‌ستگیر كرابوون و وه‌ك بارمته‌ گیرابوون.
 
بەپێی سوپای ئیسرائیل، کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی شوباتی 2024، کە دەکاتە کاتژمێر 02:00ی بەرەبەیان بە کاتی هه‌رێم، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو دوو بارمتەیە دەستیپێکردووە.
 
ریچارد هێچ، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەووسانی راگه‌یاند: "دوو بارمتەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە رەفەح رزگارکران".


AM:08:32:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت