چی ده‌زانین ده‌رباره‌ی ره‌فه‌ح كه‌ ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی ده‌كات؟


وێستگه‌نیوز-
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریدا له‌وه‌ی له‌ شاری ره‌فه‌ح كاره‌سات رووده‌دات، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی‌ خۆی جێبه‌جێ كرد و له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ شاره‌كه‌ی داگیركرد.


له‌ كاتێكدا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، فشارێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌، بۆ دانانی پلانی چۆنیه‌تی یارمه‌تیدانی زیاد له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ی فه‌له‌ستینی له‌ ره‌فه‌ح. دروست ئا له‌و كاته‌دا، ئیسرائیل خۆی بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی فراوان، بۆ سه‌ر شاره‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات.

شاری ره‌فه‌ح به‌ ده‌ست نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ته‌نها چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌كی كه‌می تێدایه‌، دیارترینیان نه‌خۆشخانه‌ی ناوه‌ندی‌ ره‌فه‌ح، نه‌خۆشخانه‌ی كوێتی‌ پسپۆڕی، نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید ئه‌بو یوسف ئه‌لنه‌جاڕ كه‌ هه‌موویان، به‌ده‌ست كه‌می پێداویستی‌ پزیشكیی، نه‌بوونی كاره‌با و سه‌رچاوه‌ی وزه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر توانای پزیشكه‌كان و تیمه‌كانی ته‌ندروستی بۆ دابینكردنی چاره‌سه‌ر و چاودێریكردنی نه‌خۆشه‌كان.

له‌ ئێستادا شاره‌كه‌ زیاد له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌ هاتوون و له‌ده‌ست ئه‌و شه‌ڕه‌ رایانكردووه‌ كه‌ ماوه‌ی چوار مانگه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئاخۆ‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م شاره‌ چییه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سنووری كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌گه‌ڵ میسر.


ره‌فه‌ح له‌سه‌ر سنوور

شاری ره‌فه‌ح ده‌كه‌وێته‌ باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌، له‌سه‌ر ئه‌و پشتێنه‌ سنورییه‌ی كه‌ شاره‌كه‌، له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی سینای میسر جیاده‌كاته‌وه‌ و به‌ گه‌وره‌ترین شاری كه‌رتی غه‌ززه‌ داده‌نرێت له‌سه‌ر سنوری میسر. رووبه‌ره‌كه‌ی 55 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌، نزیكه‌ی 107 كیلۆمه‌تر له‌ باشوری خۆرئاوای شاری قودسه‌وه‌ دووره‌.

تاقه‌ ده‌روازه‌ی په‌ڕینه‌وه‌،‌ له‌ نێوان كه‌رتی غه‌ززه‌ و میسر، ده‌كه‌وێته‌ شاری ره‌فه‌ح. ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ به‌ درێژایی چه‌ندین ده‌یه‌، ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ هێنانه‌ ژووره‌وه‌ی یارمه‌تییه‌كان بۆ ناو كه‌رتی غه‌ززه‌ و رۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی برینداره‌كان بۆ چاره‌سه‌ر و گه‌شتكردن. ئه‌م هۆكاره‌یه‌، وایكردووه‌ شاره‌كه‌ ناوبانگێكی جیهانی وه‌ربگرێت، ته‌نانه‌ت ناوبانگی ده‌روازه‌كه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌ هه‌واڵه‌كاندا ناوی دێت، له‌ ناوبانگی خودی شاره‌كه‌ زیاتره‌.

له‌ ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردوودا، ده‌یان تونێلی نا فه‌رمی، له‌ نێوان سنوری غه‌ززه‌ و میسر دروستكراوه‌. تا ئه‌و كاته‌ی سوپای میسر، له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، به‌شێك له‌و تونێلانه‌ی تێكدا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ حاڵی حازردا، نازانرێت ئایا تونێله‌كان ماون یان نا، چونكه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری تونێله‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دروست ده‌كران و بۆ هێنانی كاڵا و كه‌لوپه‌ل له‌ میسره‌وه‌ بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌، به‌كارده‌هێنران. ئه‌مه‌ وایكردبوو ره‌فه‌ح، ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی بازرگانی و ئابوری بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌. پێش به‌رپابوونی شه‌ڕه‌كه‌، رۆژانه‌ سه‌دان بارهه‌ڵگر، به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌ ده‌روازه‌ی ره‌فحه‌وه‌، ده‌هاتنه‌ ناو كه‌رتی غه‌ززه‌.

مێژووی شاری ره‌فه‌ح

شاری ره‌فه‌ح به‌ شارێكی مێژوویی كۆن داده‌نرێت، مێژووی دروستكردنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 5 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. فیرعه‌ونییه‌كان و ئاشورییه‌كان و یۆنانی و رۆمانییه‌كان، داگیریان كردووه‌. ئه‌مه‌ وایكردووه‌ شاره‌كه‌ چه‌ندین ناوی هه‌بێت، له‌وانه‌ فیرعه‌ونه‌كان پێیان وتووه‌ روبیهوی، ئاشورییه‌كان پێیان وتووه‌ ره‌فیحۆ، یۆنانی و رۆمانییه‌كان ناویان لێناوه‌ رافیا، تا ئه‌و كاته‌ی عه‌ره‌ب ناوی لێنا ره‌فه‌ح.

شاره‌كه‌ له‌ ساڵی 1917 كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا، ساڵی 1948 سوپای میسر چووه‌ ناو شاری ره‌فه‌ح و كۆنترۆڵی كرد، ساڵی 1956 كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی ئیسرائیل، ساڵی 1957 كه‌وته‌وه‌ ژێر ده‌ستی میسر تا ساڵی 1967 دیسانه‌وه‌ كه‌وته‌وه‌ ژێر ده‌ستی ئیسرائیل.

دوای رێكه‌وتننامه‌ی كامپ دێڤید و گه‌ڕانه‌وه‌ی سینا بۆ میسر، شاری ره‌فه‌ح، له‌ رێگه‌ی ته‌لبه‌ندكردنی سنوره‌كه‌یه‌وه‌ كرا به‌ دوو به‌شه‌وه‌ و رێكه‌وتننامه‌كه‌، وایكرد ره‌فه‌حی سینا، له‌ ره‌فه‌حی غه‌ززه‌ جیاببێته‌وه‌ و رووبه‌ری ئه‌و به‌شه‌ی كه‌وته‌ كه‌رتی غه‌ززه‌وه‌، سێ ئه‌وه‌ندی رووبه‌ری ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ كه‌وته‌ میسره‌وه‌.

له‌ رووی مرۆییه‌وه‌، به‌شی زۆری دانیشتوانی ره‌فه‌ح، به‌ ئه‌سڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاری خان یونس و به‌دووه‌كانی بیابانی نه‌قه‌ب و سینا، دواتر په‌نابه‌ره‌ فه‌له‌ستینییه‌كانیشی هاته‌سه‌ر كه‌ له‌ دوای نسكۆی ساڵی 1948، له‌ گوند و شاره‌كانی دیكه‌وه‌، هاتن بۆ شاری ره‌فه‌ح.

دانیشتوانی ئێستای ره‌فه‌ح پێنج هێنده‌ زیادیكردووه‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵیت ره‌فه‌ح، له‌ ئێستادا زیاد له‌ 1.3 ملیۆن ئاواره‌ی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ بریتین له‌ نیوه‌ی دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌.

هه‌ندێك ئاماری دیكه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ 1.5  ملیۆن ئاواره‌ ده‌خه‌مڵێنێت. به‌شێك له‌و ئاوارانه‌، به‌ هۆی بۆردومانی ئیسرائیله‌وه‌، شه‌ش جار ئاواره‌ بوون. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌ و له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌ له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می رابردووه‌وه‌ و هاتنی به‌ لێشاوی ئاواره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان، ژماره‌ی دانیشتوانی ره‌فه‌ح، پێنج هێنده‌ زیادیكردووه‌.

له‌ ئێستادا دانیشتوانی شاره‌كه‌، له‌ دۆخێكی سه‌خت و دژواردا ده‌ژین و شوێنی نیشته‌جێبوونیان، بریتییه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و قوتابخانه‌كان و چادر و خێمه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ی به‌ ته‌لی دڕكاوی سه‌ر سنوری میسر و ئیسرائیل ده‌وره‌دراوه‌.

شاره‌كه‌ بووه‌ته‌ دوا په‌ناگه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست بۆردومانه‌كانی ئیسرائیل هه‌ڵهاتوون و له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه‌.

ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌كانی ئه‌و شاره‌، پێیان باشه‌ له‌ به‌شی خۆرئاوای شاره‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ ده‌ریاوه‌، نیشته‌جێ ببن، نه‌ك به‌شی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ سنوری ئیسرائیله‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی كانوونی یه‌كه‌می رابردووه‌وه‌، به‌ هه‌زاران خێمه‌ له‌ نزیك سنوری میسر، هه‌ڵدراوه‌ و خێمه‌ تازه‌كان، رووبه‌ری زیاتر له‌ 3.5 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یان داپۆشیوه‌. ئه‌و وێنانه‌ی، له‌ ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو، له‌ ئاسمانه‌وه‌ گیراون، ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌و شاره‌ بووه‌ته‌ یه‌ك پارچه‌ خێمه‌، ئێستا له‌ بری كه‌مپی ره‌فه‌ح بۆ ئاواره‌كان كه‌ پێش شه‌ڕه‌كه‌ هه‌بوو، سه‌رجه‌م شاره‌كه‌ بووه‌ته‌ كه‌مپێكی گه‌وره‌ بۆ ئاواره‌كان.

له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كانی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، به‌وه‌ی فه‌رمانی به‌ سوپای ئیسرائیل كردووه‌، پلانی پێویست بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاواره‌ و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ره‌فه‌ح ئاماده‌بكه‌ن، تاكو دواتر هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر شاره‌كه‌ ده‌ست پێبكات، ئه‌م پرسیاره گرنگه‌ ده‌خرێته‌ڕوو: دوای ئه‌وه‌ خه‌ڵك به‌ره‌و كوێ بڕۆن و شه‌ڕه‌كه‌ چه‌ند ده‌خایه‌نێت؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ و ئاواره‌كانی ناوی، له‌ خۆیانی ده‌كه‌ن و وه‌ڵامه‌كه‌شی لای ئه‌وان نییه‌.


PM:10:50:11/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 2740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو