نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ ئاڵاكه‌ی‌ یه‌كێتی‌ لابرد


وێستگه‌نیوز-
دواجار نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ هاوسه‌رۆكی‌ پێشووی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاڵای‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستانی‌ له‌سه‌ر لۆگۆكه‌ی‌ و وێنه‌ی‌ ناوبراو لابرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11ی‌ شوباتی‌ 2024، نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ لۆگۆكه‌ی‌ گۆڕی و ئاڵای‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر لۆگۆكه‌ لابرد.

په‌یجی‌ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ فه‌یسبووك كه‌ له‌ دوای‌ رووداوه‌كانی‌ 8ی‌ ته‌مموزی‌ 2021ه‌وه‌ ببووه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ میدیای‌ فه‌رمی‌ ناوبراو، تا ئه‌مڕۆ لۆگۆكه‌ی‌ ئاڵایه‌كی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئاڵاكه‌ی‌ یه‌كێتی‌ لابرد و لۆگۆیه‌كی‌ نوێی‌ دانا.

هاوكات ئه‌و وێنه‌یه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی‌ لابرد كه‌ ئاڵایه‌كی‌ یه‌كێتی له‌پشته‌وه‌ بوو و وێنه‌یه‌كی‌ تری‌ داتا كه‌ ئاڵایه‌كی‌ كوردستان و عێراقی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌.

له‌ كۆنگره‌ی‌ چواره‌مه‌وه‌، لاهور شێخ جه‌نگی‌ بووه‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵام له‌ دوای‌ رووداوه‌كانی‌ 8ی‌ ته‌مموزی‌ 2021 ورده‌ ورده‌ له‌و پۆسته‌ دوورخرایه‌وه‌ تا دواجار له‌ كۆنگره‌ی‌ پێنجه‌مدا سیستمی‌ هاوسه‌رۆكی‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دیاریكرا.


PM:10:16:11/02/2024










ئه‌م بابه‌ته 24840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت