ئه‌مریكا: كۆماری ئیسلامی ته‌نیا بووه‌ته‌ مایه‌ی توندوتیژی و گه‌نده‌ڵی


وێستگه‌نیوز-
له‌ یادی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تیایدا به‌ گه‌لانی ئه‌و وڵاته‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ "پشتیوانیتان ده‌كه‌ین"، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ته‌نیا بووه‌ته‌ مایه‌ی توندوتیژی و گه‌نده‌ڵی.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11ی‌ شوباتی‌ 2024 و له‌ یادی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، ئه‌یبرام پێڵی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران په‌یامێكی‌ ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌و و تیایدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ "45 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا شۆڕش له‌ ئێران بووه‌ هۆی دامه‌زرانی (رژێمێك) كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ترس و توندوتیژی و سه‌ركوتكردن دامه‌زرا".

ئه‌یبرام پێڵی ده‌ڵێت: "كۆماری ئیسلامی له‌بری ئه‌وه‌ی ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بهێنێت، ته‌نیا بووه‌ته‌ مایه‌ی توندوتیژی و گه‌نده‌ڵی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش".

جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران روو به‌ گه‌لانی ئێران وتی: "ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانیكردنتان و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كان كارده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پشتیوانیی رژێمه‌كه‌ بۆ تیرۆر، كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر حیسابی ئێوه‌یه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ "پێشێلكارییه‌ ئاشكراكانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ دژی جودابیران، ڕۆژنامه‌نووسان، هونه‌رمه‌ندان و كه‌مینه‌كان ڕۆژانه‌ به‌رده‌وامن و لاوازی ڕژێم زیاتر نیشان ده‌دات".

له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌م دیپلۆماته‌ ئه‌مریكییه‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "كۆماری ئیسلامی له‌ جیاتی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خه‌ڵكی ئێران، پاره‌كانیان بۆ فراوانكردنی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی خه‌رج ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هیچ متمانه‌یكی باوه‌ڕپێكراو نییه‌ كه‌ به‌ ئامانجی ئاشتیانه‌بێت، هانی ناسه‌قامگیری له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌ ده‌دات، چه‌كی مه‌ترسیدار بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌ شوێنه‌كانی وه‌كو روسیا، و بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌شێوێنێت".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌یدا  ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ ئاماژه‌ی كرد به‌ گۆشه‌گیری بێپێشینه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و رایگه‌یاند كه‌ "خه‌ڵكی ئێران ئازایه‌تی و خۆڕاگرییان له‌ دژی رژێم كه‌ خه‌ریكی سانسۆركردن، ده‌ستبه‌سه‌ركردن، ئه‌شكه‌نجه‌دان و له‌ سێداره‌دانه‌، نیشان دا".

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئێران یادی 45 ساڵه‌ی شۆڕشی ئیسلامی كرده‌وه‌، له‌ مه‌راسیمێكدا سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ ئیبراهیم ڕه‌ئیسی تێیدا سه‌ركۆنه‌ی ئیسڕائیلی كرد له‌سه‌ر جه‌نگه‌كه‌ی له‌ ‌غه‌ززه‌ و داوای كرد ئه‌و وڵاته‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ربكرێت.

شۆڕشی 1979 ی ئێران بووه‌ هۆی دوورخستنه‌وه‌ی شا محه‌مه‌د ڕه‌زا په‌هله‌وی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتگیری ده‌كرا، له‌و كاته‌وه‌ ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر خراپ و دژواری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل و ئه‌مریكا و به‌ریتانیادا.





PM:09:05:11/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو