دانیشتنه‌ راوێژكارییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی هات


وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی به‌و دانیشتنه‌ راوێژكارییه‌ هێنا كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە سازیکردو تایبه‌تی كردبوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و "ده‌ستدرێژییانه‌ی ده‌كرێنه‌سه‌ر سه‌روه‌ریی عێراق".

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یاند كه‌ دانیشتنه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی موحسن مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌چووه‌ و تیایدا داوای له‌ حكومه‌تی سودانی كرد، بڕیاری ژماره‌ 18ی ساڵی 2020 جێبه‌جێ بكت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق و كۆتایی هێنان به‌ ئه‌ركه‌كانیان.

ئه‌و بڕیاره‌ له‌پای ئه‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ گوایه‌ توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق په‌ره‌ی سه‌ندوه‌و هاوكات هیچ رێككه‌وتنێكی ئه‌منیی نوێ له‌گه‌ڵ هێزه‌ بیانییه‌كاندا نییه‌ كه‌ وا پێویست بكات له‌ عێراق بمێننه‌وه‌.

له‌ ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كه‌دا مه‌نده‌لاوی داواكارییه‌كی به‌ واژووی 100 په‌رله‌مانتار ئاراسته‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مان كرد كه‌ پێشنیازه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق وتی: ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌كان بۆسه‌ر خاكی عێراق ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت، وتیشی: ئیدانه‌ی توندی به‌ ئامانجگرتنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سه‌ركرده‌كانی ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، په‌رله‌مانیش پشتیوانیی حكومه‌ت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ببێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری له‌ كایه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا.

هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ و كورد جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی سه‌ربه‌ ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كان، ئاماده‌ی دانیشتنه‌ راوێژكارییه‌كه‌ نه‌بوون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 7ی شوباتی 2024، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئۆتۆمبیلێكی له‌ به‌غدا كرده‌ ئامانج كه‌ چوار كه‌سی تێدابوو، له‌و گورزه‌دا دوو سه‌ركرده‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا به‌ناوه‌كانی (ئه‌بوباقر ساعدی و ئه‌ركان عه‌لیاوی) كوژران و چواری دیكه‌ش برینداربوون.

دواتر فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وه‌شاندنی ئه‌و گورزانه‌ له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی ئه‌و 3 سه‌ربازه‌ی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ سنوری نێوان ئوردن و سوریا كوژران.


PM:08:51:10/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو