چاوخشاندنێك به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی عێراقی له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌نه‌ ئامانج


وێستگه‌ نیوزـ

راپۆرتێكی ئاژنسی ئه‌سۆشێتد پرێس، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی حكومه‌تی عێراقی، ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران كه‌ چه‌ندین هه‌فه‌ته‌یه‌، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا.

راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكا كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری میلیشیاكانی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا له‌ به‌غداد، سه‌رنجه‌كانی خسته‌وه‌ سه‌ر "دۆخی كێشه‌دار"ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران، ئاخر هه‌ندێك له‌و گروپانه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، له‌ژێر چه‌تری هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا كارده‌كه‌ن و له‌ هه‌مان كاتدا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تن.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، وایكردووه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ دۆخێكی هه‌ستیاردابێت. چونكه‌ سودانی هه‌وڵده‌دات له‌ یه‌ككاتدا، په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقدا هه‌بێت، ئه‌م گروپانه‌ هه‌ندێكجار راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌كه‌ونه‌ ململانێوه‌.

یه‌كێك له‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌، میلیشاكانی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵایه‌، راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م گروپه‌، یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین میلیشیا چه‌كداره‌كانی عێراق و به‌شێكه‌ له‌ پێكهاته‌ی حه‌شدی شه‌عبی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، راپۆرته‌كان ده‌ڵێن كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا و هه‌ندێك له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ كه‌ به‌شێك له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پێكده‌هێنن، چه‌ندینجار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق.

ئه‌مریكا كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای وه‌ك گروپێكی تیرۆریستی پۆلێنكردووه‌، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020، له‌ بۆردومانێكدا ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندس كه‌ دامه‌زرێنه‌ری گروپه‌كه‌ بوو، له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی، كوشت.

رۆژی چوار شه‌ممه‌ی رابردوو، هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌، وسام محه‌مه‌د سابر ئه‌لساعدی كه‌ ناسراوه‌ به‌ ئه‌بو باقر ئه‌لساعدی و به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلا بوو له‌ سوریا، كوشت و ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌و بۆردومانه‌ رایگه‌یاند: "ئه‌لساعدی به‌رپرسی راسته‌وخۆیه‌ له‌ پلاندان و به‌شداریكردن له‌ هێرشه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا".

په‌یوه‌ندی نێوان گروپه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان و ده‌وڵه‌تی عێراق
له‌ ساڵی 2016، حكومه‌تی عێراق هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك "پێكهاته‌یه‌كی سه‌ربازی سه‌ربه‌خۆ" له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقدا، پۆلێنكرد. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ندێك له‌و‌ گروپه‌ چه‌كدارانه‌ كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پێكده‌هێنن، به‌شێكن له‌وه‌ی پێیده‌وترێت "مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق"، ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كداره‌كان و گروپه‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه‌، سه‌ر به‌ ئێرانن و له‌ ماوه‌ی چوار مانگی رابردوودا، نزیكه‌ی 170 هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و سوریا.

حكومه‌تی عێراقی ئه‌و هێرشانه‌ی ئیدانه‌كرد كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌نه‌ ئامانج. له‌ هه‌مان كاتدا، زۆرجار ئیدانه‌ی وه‌ڵامی هێزه‌كانی ئه‌مریكاشی كردووه‌"به‌ تایبه‌تی ئه‌و هیرشانه‌ی ئه‌مریكا كه‌ له‌ به‌غداد رووده‌ده‌ن و گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ هیچ رۆڵێكی روون و ئاشكرایان نه‌بووه‌ له‌ هێرشه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا".

راپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر زاری رێنارد مه‌نسور، توێژه‌ری دیار له‌ سه‌نته‌ری "چاتام هاوز"، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ واقیعدا باڵی سه‌ربازی حكومه‌تی عێراقه‌.

مه‌نسور ده‌ڵێت: "حه‌شدی شه‌عبی، پێیانوایه‌ ئه‌وان پارێزگاری له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، چ له‌ میانه‌ی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ داعش یان له‌ میانه‌ی سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كانی دژ به‌ حكومه‌ت".

له‌هیب هیگڵ توێژه‌ری پسپۆڕ له‌ كاروباری عێراق له‌ گروپی قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پێیوایه‌ هه‌ندێك له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان، له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، رۆڵێكی دوو لایه‌نه‌یان هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌وان وه‌زیفه‌یه‌كی رۆژانه‌یان هه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ كاره‌كه‌یان له‌ ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی. رۆڵێكی دیكه‌یان هه‌یه‌ و بریتییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژ به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا".

له‌ ئاینده‌دا چی رووده‌دات؟
مه‌نسور ده‌ڵێت له‌ كاتێكدا په‌شێوییه‌كان له‌ هه‌ڵكشاندان" به‌ڵام هیچ لایه‌ك، له‌ واقیعدا نایه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگیر، روبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه‌، یان هیچ لایه‌ك نایه‌وێت له‌ عێراقدا راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌وه‌".

ئه‌و پسپۆڕه‌ پێوایه‌ له‌بری ئه‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و عێراق، كار ده‌كه‌ن بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هێنانه‌ئارای په‌یوه‌ندییه‌كی دوو لایه‌نه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات.

له‌هیب هیگڵ لای خۆیه‌وه‌، له‌و بڕوایه‌دایه‌ گروپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران، فشار له‌ حكومه‌تی عێراق بكه‌ن، تاكو خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی خێرا، بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ی، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان دابنێت و ده‌ڵێت:"ئه‌مریكا، له‌ژێر سایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و به‌ ده‌مانچه‌یه‌ك ئاراسته‌ی سه‌ری كرابێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و گوزارشته‌ گونجاوبێت، ناچێته‌‌ ده‌ره‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا‌ نیمچه‌ مه‌حاڵه‌.

له‌ هیب له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "تۆ پێویسته‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كان بووه‌ستێنیت، له‌ پێناو ئه‌نجامدانی دانوستانه‌كان و گه‌یشتن به‌ هه‌ندێك ده‌رئه‌نجام".


PM:08:35:10/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو