راپۆرتێك: ئیسرائیل، حه‌ماسی "لاواز" كردووه‌... به‌ڵام "دووره"‌ له‌وه‌ی له‌ناوی ببات


وێستگه‌نیوز-
به‌گوێره‌ی‌ راپۆرتێكی‌ ئه‌مريكی‌، به‌رپرسانی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا ئاشكرایانكردووه‌ كه‌ ئیسرائیل، بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی فه‌له‌ستینی‌ "لاواز" كردووه‌، به‌ڵام "دووره"‌ له‌وه‌ی له‌ناوی ببات.

رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز ئاشكرای كردووه‌ كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا، به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مریكا، به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێسیان راگه‌یاندووه‌ ئیسرائیل، توانا سه‌ربازییه‌كانی حه‌ماسی "لاواز" كردووه‌، به‌ڵام له‌و ئامانجه‌ی "نزیك نه‌بووه‌ته‌وه‌" كه‌ له‌ناوی به‌رێت.

چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل دیسانه‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئامانجی شه‌ڕه‌كه‌، له‌ناوبردنی حه‌ماسه‌ و ده‌ڵێت: "سه‌ركه‌وتن له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ئه‌من و ئاسایشی وڵات نایه‌ته‌دی، ته‌نها به‌ له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌ نه‌بێت كه‌ حوكمی كه‌رتی غه‌ززه‌ی گه‌مارۆدراو ده‌كات".

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ناوبراو، ئه‌و ئامانجه‌، له‌ ناوه‌نده‌كانی ئیسرائیل، بووه‌ته‌هۆی روودانی دابه‌شبوون. ئه‌وه‌تا هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كان، ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گرن، به‌وه‌ی ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌دات به‌ له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی حه‌ماس، له‌سه‌ر حسابی رزگاركردنی بارمته‌كان كه‌ له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ رفێندراون و له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن.

له‌ مانگی رابردوودا، گادی ئێزنكۆت، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جه‌نگ و سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشووی سوپای ئیسرائیل، داوای له‌ حكومه‌ت كرد ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت و كار بۆ مه‌سه‌له‌ی رزگاركردنی بارمته‌كان بكات، به‌و پێودانگه‌ی رزگاركردنی بارمته‌كان كاری له‌پێشینه‌ی حكومه‌ت بێت و ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی ناتانیاهۆ گرت، به‌وه‌ی ته‌نها فشاری سه‌ربازی بۆ سه‌ر حه‌ماس، رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بارمه‌ته‌كان ده‌دات.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ناوبراو، به‌رپرسانی ئه‌مریكا "گومانیان هه‌یه‌" له‌وه‌ی وێرانكردنی حه‌ماس یان له‌ناوبردنی، ئامانجێكی واقیعی بێت. ئه‌وان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ لاوازكردنی توانا سه‌ربازییه‌كانی حه‌ماس، ره‌نگه‌ "زیاتر قابیلی جێبه‌جێكردن بێت".

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ئه‌و راپۆرته‌ هه‌واڵگریانه‌ی، ده‌خرێنه‌ به‌رده‌ست ئه‌ندامانی كۆنگرێس، باس له‌ ژماره‌ی چه‌كداره‌ كوژراوه‌كانی حه‌ماس ناكه‌ن، یان باس له‌ ئاماری وردی زیانه‌كان ناكه‌ن كه‌ به‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كه‌وتووه‌، ئه‌وانه‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ غه‌ززه‌، ده‌ڵێن زیاد له‌ 27 هه‌زار كوژراوه‌.

ناتانیاهۆ له‌ مانگی رابردوودا وتی ئیسرائیل، سێ به‌شی كه‌تیبه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی سه‌ر به‌ حه‌ماسی وێرانكردووه‌. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، رۆژنامه‌ی ناوبراو، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "به‌رپرسانی ئه‌مریكا به‌ نهێنی قسه‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ن خه‌مڵاندنه‌كانیان له‌وه‌ كه‌متره‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن چاره‌كێكی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌كه‌ كوژراون كه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌، ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی حه‌ماس له‌ نێوان 20 بۆ 25 هه‌زار چه‌كدار بووه‌".

شه‌ڕه‌كه‌ دوای ئه‌و كاته‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ حه‌ماس هێرشێكی غافڵگیری كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل و بووه‌ هۆی كوژرانی زیاد له‌ 1160 كه‌س، زۆرینه‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نی بوون، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ پشتی به‌ ژماره‌ فه‌رمییه‌كان به‌ستووه‌.

هه‌روه‌ها له‌و هێرشه‌ی حه‌ماس-دا، نزیكه‌ی 250 كه‌س وه‌ك بارمته‌ رفێنران، ئیسرائیل ده‌ڵێت تا حاڵی حازر، 132 بارمته‌ له‌ غه‌ززه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و له‌و بڕوایه‌دان لانی كه‌م 29 بارمته‌یان كوژراون. ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیله‌وه‌ ده‌رچووه‌.

ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی بۆردومانێكی چڕه‌وه‌، وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی دایه‌وه‌، پاشان هێرشێكی زه‌مینی فراوانی كرده‌ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ و بووه‌ هۆی كوژرانی 27 هه‌زار و 840 كه‌س، زۆرینه‌یان ژن و منداڵن. ئه‌مه‌ به‌گوێره‌ی تازه‌ترین ئامار كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌ر به‌ حه‌ماس بڵاویكردووته‌وه‌.

شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی، زیاد له‌ سه‌دا 85ی دانیشتوانی غه‌ززه‌ كه‌ ژماره‌یان 2.3 ملیۆن كه‌سه‌، له‌ ماڵ و حاڵی خۆیان دووركه‌ونه‌وه‌ و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س، روو بكه‌نه‌ شاری ره‌فه‌ح كه‌ نزیكه‌ له‌ سنوری میسر و زۆرینه‌یان له‌ چادری قه‌ره‌باڵغدا یان له‌ كه‌ناراوه‌كاندا، له‌ بارودۆخێكی زۆر سه‌خت و قورسی مرۆییدا، ده‌ژین.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌، 8ی شوباتی 2024، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا وه‌ڵامی سه‌ربازی ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌ "سنوری به‌زاندووه‌"، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكردووه‌ كار ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ راگرتنێكی به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كه‌.

جۆ بایدن له‌ كۆشكی سپی به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند "من، وه‌ك ده‌زانن، وای ده‌بینم، ره‌فتاری وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، سنوری به‌زاندووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌نووكه‌ زۆر به‌ تووندی فشار ده‌كه‌م بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بارمته‌كانه‌وه‌. خه‌ڵكێكی بێتاوانی زۆر هه‌یه‌، به‌ده‌ست برسییه‌تییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و خه‌ڵكانێكی بێتاوانی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌ ناڕه‌حه‌تی و نه‌هامه‌تیدا ده‌ژین و ده‌مرن، پێویسته‌ ئه‌وه‌ رابوه‌ستێت".


AM:08:57:10/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو