مامۆستایانی ناڕازی: فشاره‌كان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی داواكارییه‌كانمان سورترمان ده‌كات


وێستگەنیوز- 

مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا له‌ خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام دەبن و داوایان لەمامۆستایان و بەڕێوبەرەکان كرد بەشداریی خۆپیشاندانی سبەینێ یه‌كشه‌ممه‌ بکەن.

مامۆستایانی ناڕازی له‌ لێدوانێكی راسته‌وخۆدا بۆ وێستگه‌ نیوز، داوای سەلامەتی و ئازادکردنی مامۆستا دەستگیرکراوەکانیان كرد كه‌ بانگكراون بۆ ئاسایشی سلێمانی. 

بڕیاریشه‌ هەر ئەمشەو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازبكات و تیایدا بڕیار لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندان و ئازادکردنی دەستگیرکراوان بدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ وێستگه‌نیوز، پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2024، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ داكۆكیكردن له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ ناڕازی‌ بانگهێشتی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ كراون.

وێستگه‌ به‌دواداچوونی‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ كرد و هه‌وڵی‌ دا زانیاری‌ ده‌رباره‌یان ده‌ستبخات، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌ك به‌رده‌ست نه‌بوو.

بانگهێشتكردنی‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ له‌ كاتێكدا بووه‌ كه‌ ویستوویانه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیار له‌سه‌ر خۆپیشاندانی‌ سبه‌ینێی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ بده‌ن.

هه‌فته‌ی‌ رابردووش سێ‌ مامۆستای‌ ناڕازی‌ بانگهێشتی‌ ئاسایش كران و وتووێژیان له‌گه‌ڵ‌ كرا و دواتر ئازاد كران.

وێستگه‌ له‌ به‌دواداچوونه‌كانیاندا بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ میانی‌ وتووێژی‌ به‌رپرسانی‌ ئاسایش له‌گه‌ڵ‌ سێ‌ مامۆستاكه‌دا داوایان لێكرابوو كۆتایی به‌ بایكۆت بهێنن و له‌ خۆپشاندانه‌كاندا دروشمه‌كانیان توند نه‌كه‌نه‌وه‌ و ته‌شهیر به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كه‌ن.

بانگهێشتكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ بۆ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ خۆپیشاندانی‌ سبه‌ینێی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ ده‌كرێت له‌ژێر ناوی‌ (هه‌فته‌ی‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ فشاره‌كان).


PM:05:38:20/01/2024


ئه‌م بابه‌ته 844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت