سودانی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا: پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و زڕاندنی ناوبانگی وڵات ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاوه‌ پێگه‌یشت و له‌ گفتوگۆی نێوانیاندا سودانی رایگه‌یاند كه‌ عێراق پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی راوێژكاران و نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان، له‌ هه‌مانكاتیشدا پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و زڕاندنی ناوبانگی وڵات ره‌تكرده‌وه‌.

به‌پێی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مشه‌و دووشه‌ممه‌ ده‌یڤد كامیرۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامداوه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا و دۆخی سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ و دوا پێشهاته‌كانی دۆسیه‌ی فه‌له‌ستین كردوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌كه‌، سودانی به‌ كامیرۆنی وتوه‌، عێراق پابه‌نده‌ به‌ دابینكرنی ئاسایش بۆ راوێژكارانی سه‌ربازی و ئه‌و نێرده‌ دیپلۆماسییانه‌ی له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌پێی یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ سودانی پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و ناوزڕاندنی وڵاتیشی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق جدین له‌ به‌دواداچون بۆ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك كه‌ ده‌كرێته‌سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان.

له‌سه‌ر شه‌ڕی غه‌ززه‌ش، سودانی به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیانی راگه‌یاندوه‌ كه‌ "درێژه‌كێشانی دوژمنكاری له‌سه‌ر غه‌ززه‌، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی سیتسمی جیهانی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌كرێنه‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی كۆی یاسا نێوده‌وڵه‌تی و مرۆییه‌كانه‌."

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ساتیشی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقی كردوه‌ له‌ پاراستنی نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان" و جه‌ختی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراق و فراوانكردنی كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات كردوه‌ته‌وه‌.


PM:09:54:11/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت