شه‌پۆلێكی بارانبارین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

‌دیمەنی بارانبارین لە سلێمانی. وێنە: جەمال سەرگەتی

وێستگه‌نیوزـ

شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی له‌ هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 12ی ئه‌م مانگه‌وه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و ماوه‌ی دوو رۆژ به‌رده‌وامی ده‌بێت، له‌ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنوورییه‌كانیش ئه‌گه‌ری بارینی به‌فر هه‌یه‌.

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی له‌ هه‌رێم له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لە رۆژی سێشەمەوە 12ی مانگ لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و نزمەپاڵەپەستۆیەکی چالاکی دەریای سوور کە بارستە ھەوایەکی شێداری لەگەڵ دەبێت شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ده‌شڵێت: "سەرەتا رۆژی سێشەمە بەشێوەی تاوە باران و بروسکە لە کات و ناوچەی جیاجیادا دەستپێدەکات و لەرۆژی چوارشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، پێشبینی دەکرێت کاریگەریەکانی چالاک ببێت بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین ئەگەری بارانێکی باش و بەردەوامی دەبێت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و کەرکوک کاریگەری کەمتر دەبێت بەرێژەی مامناوەند و پچر پچر باران دەبارێت".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "بەھۆی کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردیش ھەر لەرۆژی چوارشەممەدا لەناوچە شاخاویە سنووریەکان لەبەرزی زیاتر لە 1700 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە سەنتەری حاجی ئۆمەران ئەگەری بارینی بەفر دەبێت".

ئه‌و كه‌شناسه‌ كورده‌ ئه‌وه‌شی باسكردووه‌، کاریگەری ئەم شەپۆلەش لەسەر ناوچەکانمان تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 14ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، دەخایەنێت و دواتر کۆتایی پێدێت.

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، سەبارەت بەماوەکانی دواتر بەتایبەت ئەم ماوەیە کە دەنگۆی ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و بارینی بەفر لەسەنتەری شارەکاندا بڵاوبووەتەوە ئەم شەپۆلە تا ئێستا بەشێوەیەکی لاواز لەسەر نەخشەکانی کەشوھەوا دەبینرێت لە نێوان 18 بۆ 23ی مانگ، واتا تا ئێستا جێگیر نیە جێگای باس بێت و ئەگەری گۆڕانکاریەکی زۆر دەبێت تا کاتی نزیکبوونەوە لەوانەیە نەمێنێت یان بەشێوازێکی دیکە کاریگەریەکانی بگۆرێت بۆیە تا ئێستا و بۆ ئەم مانگە ئەگەری بارینی بەفر لەسەنتەری شارەکان و ھاتنی شەپۆلی سەرما لاوازە و گۆڕانکاریەکانیش چۆن دەبن لەکاتی نزیک زانیاری زیاترمان دەبێت بۆ ھەر پێشھاتێکی نوێ.


AM:09:04:10/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 8296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت