سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ ئاسایشی سلێمانی: خۆپیشانده‌ره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی ئه‌مڕۆ ئازاد كران


وێستگه‌ نیوزـ

دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ لە خۆپیشاندانه‌كانی ئەمڕۆی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی مامۆستایەکی ناڕازی لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ده‌ستگیركراوه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ ئاسایشی سلێمانی به‌ وێستگه‌ نیوز-ی راگه‌یاند كه‌ هه‌ر خۆپیشانده‌رێك ئه‌مڕۆ ده‌ستگیركرابێت، ئازاد كراوه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ستگیركرا ناوی ئەبوبەکر میراودەلی-یه‌ و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بووه‌ لە پارێزگای هەڵەبجە، لە دوای تەواو بوونی خۆپیشاندانەکان کە لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا بڕیاربووە لەگەڵ هاوڕێکانی بگەڕێنەوە بۆهەڵەبجە، به‌ڵام وه‌ك ده‌وترێت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوو.

به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، كاتێك مامۆستاكه‌ داوای لێكراوه‌ بچێته‌ ئۆتۆمبیلێكی هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌، ئه‌و نه‌یوستوه‌ سه‌ر بكه‌وێت، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: ئه‌وان ناسنامه‌ی ئاسایشیان پیشانداوه‌، دواتر بردویانه‌ بۆ ئاسایش و پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ستگیركراوه‌.

مامۆستاكه‌ له‌وێ له‌وێ دوو خوێندكار و خۆپیشانده‌رێكی دیكه‌ی به‌ناوی نه‌وزاد بابان بینوه‌و و وه‌ك سه‌رچاوه‌ باڵاكه‌ی ئاسایش به‌ وێستگه‌ نیوز-ی وت: دوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان، ئه‌وانیش ئازاد كراون.

سه‌رچاوه‌ باڵاكه‌ی ئاسایشی سلێمانی وتیشی: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون ویستویانه‌ رێگای هاتوچۆی هاوڵاتیان به‌ به‌رد بگرن، هێزه‌كانی ئاسایش له‌ خۆپیشیانده‌ران جیایان كردونه‌ته‌وه‌ و دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ ئاسایش، ئازاد كراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایش بۆ وێستگه‌ نیوز-ی دووپاتكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: هه‌موو خۆپیشاندانێك له‌ سلێمانی ئازاده‌ به‌ڵام بێته‌ سه‌ر رێگریكردن و هاندانی خوێندكاران، ئه‌وە قبوڵكراو نییه‌ و بۆ هه‌ر ره‌فتارێكی نه‌خوازراو، ئاسایش رێوشوێن ده‌گرێته‌ گرێته‌به‌ر.


PM:03:03:03/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 2876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت