لە مانگی رابردوودا عێراق پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە


وێستگه‌نیوزـ

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا ئەمریکا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە، دەشڵێت، عێراق لە ریزبەندی شەشەمی ئەو وڵاتانەدایە کە ئەمریکا زۆرترین نەوتی لێوە هاوردە کردوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئەمریکا پێنج ملیۆن و 130 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێكڕای رۆژانەی هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە نزیکەی 171 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە کەمی کردووە، بەوپێیەی لەو مانگەدا ئەمریکا حەوت ملیۆن و 322 هەزار بەرمیل نەوت و بە تێکڕا رۆژانە 236 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.

باس لەوەش کراوە، عێراق لە هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمدا بە تێکڕا 187 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە هەفتەی دووەمدا بە 283 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی سێیەمدا 36 هەزار بەرمیل و لە هەفتەی چوارەمدا 178 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی فرۆشی نەوتی مانگی تشرینی دووەم زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.


AM:10:18:03/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت