شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن و لیستی ئه‌وانه‌ی ئیسرائیل به‌نیازه‌ تیرۆریان بكات


وێستگه‌ نیوزـ

رۆژنامه‌ی "فاینانشاڵ تایمز"ی به‌ریتانی، له‌ زاری به‌رپرسانی سه‌ربازی ئیسرائیله‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئیسرائیل پلان بۆ "جه‌نگێكی دوور و درێژ بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ داده‌نێت كه‌ نزیكه‌ی ساڵێك یان زیاتر به‌رده‌وام ده‌بێت".

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ستراتیژه‌كه‌ی ئیسرائیل، تیرۆركردنی سێ  سه‌ركرده‌ی باڵای حه‌ماس له‌خۆده‌گرێت‌.
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌ی ناوبراو، ستراتیژه‌كه‌ی ئیسرائیل كۆمه‌ڵێ قۆناغی جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت و ئه‌و هێزه‌ی سوپای ئیسرائیل كه‌ هه‌نووكه‌ له‌ ناو باكوری غه‌ززه‌ جێگیربووه‌، به‌م نزیكانه‌ به‌ره‌و قووڵایی باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌جووڵێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئیسرائیل سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تواناكانی حه‌ماس بۆ شه‌ڕكردن و تونێله‌كانی له‌وێ، واته‌ له‌ باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌، هێشتا وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ و فه‌رمانده‌ دیار و باڵاكانی بزووتنه‌وه‌كه‌ش له‌ ئێستادا له‌ باشور خۆیان حه‌شارداوه‌‌".

جگه‌ له‌وه‌ رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پلانی هێرشكردنه‌ سه‌ر باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌، له‌سه‌ر شاری خان یونس چڕده‌بێته‌وه‌ كه‌ دووه‌م ناوه‌ندی ئاوه‌دانییه‌ له‌ غه‌ززه‌. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر شاری ره‌فه‌ح-یش چڕده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌وپه‌ڕی باشوری كه‌رتی غه‌ززه‌یه‌ و نزیكه‌ له‌ سنوری میسر.

ئامانجه‌كانی ئیسرائیل تیرۆركردنی سێ له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی حه‌ماس له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش‌ بریتین له‌ سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌كه‌ یه‌حیا سنوار، فه‌رمانده‌ی باڵی سه‌ربازی محه‌مه‌د زه‌یف و كه‌سی دووه‌می باڵی سه‌ربازی حه‌ماس مه‌روان عیسی، له‌گه‌ڵ به‌دیهێنانی سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ دژ به‌ كه‌تیبه‌كانی قه‌سام و وێرانكردنی تۆڕی تونێله‌كان، هه‌مو ئه‌وانه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی كۆتایدا، ده‌بنه‌ هۆی وێرانكردنی تواناكانی بزووته‌وه‌كه‌ بۆ حوكمڕانی له‌ غه‌ززه‌.

به‌ گوێره‌ی خه‌مڵاندنی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ پلانه‌كانی ئیسرائیل ئاگادارن، پێده‌چێت هێرشی زه‌مینی ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌، پێویستی به‌ چه‌ند مانگێكی دی هه‌بێت. دوای ئه‌وه‌، ئه‌و قۆناغه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌كان به‌ قۆناغی"گواستنه‌وه‌ و سه‌قامگیری" وه‌سفی ده‌كه‌ن و ده‌كرێت تا كۆتایی ساڵی ئاینده‌ به‌رده‌وام بێت.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمز، ئه‌و قۆناغه‌ ئامانجی ئاماده‌كردنی غه‌ززه‌یه‌ بۆ رژێمێكی نوێ "به‌بێ حه‌ماس".
به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌مو خوله‌كانی پێشووی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌كه‌، رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ كه‌ "له‌م شه‌ڕه‌دا ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی لێنادات"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك وایه‌ بۆ قۆناغی دوای شه‌ڕه‌كه‌.


PM:08:34:02/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو