شه‌ڕه‌كه‌ی سنوری مه‌خمور كۆتایی هات، ژماره‌ی‌ كوژراوان و برینداران راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
فه‌رمانده‌یه‌كی خۆبه‌خشی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایكرد كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ی سنووری مه‌خمور له‌ نێوان سوپای عێراق و چه‌كداران كۆتایهاتووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك چه‌كدار و سه‌ربازی سوپای عێراق كوژران.


شه‌وی رابردوو دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند چه‌كداریك هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر گوندێكی سنوری مه‌خمور و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان ئه‌و چه‌كدارانه‌ و سه‌ربازانی سوپای عێراق له‌ده‌وروبه‌ری گوندی عه‌لیه‌ره‌ش و دووسه‌ره‌ له‌ ده‌شتی قه‌راجی مه‌خموور دروستبوو. دواتر چه‌كداره‌كان روویانكرده‌ گوندی گۆل ته‌په‌ی ناحیه‌ی قه‌راج و له‌وێ له‌لایه‌ن سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ گه‌مارۆدران.

غازی فه‌یسه‌ڵ، فه‌رمانده‌ی خۆبه‌خشی پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور له‌وباره‌وه‌ وتی‌: "شه‌ڕه‌كه‌ كۆتایی هات و پێنج چه‌كدار كوژراون، هاوكات 9 چه‌كداری تر ڕایانكرد بۆ چیای قه‌ڕه‌چوغ".

وتیشی‌: "له‌ هێزه‌كانی عیراقیش ئه‌فسه‌رێك شه‌هید بووه‌ له‌گه‌ڵ برینداربوونی 5 بۆ 6 كه‌سی تر".

غازی فه‌سه‌ڵ وتیشی: "له‌ئێستادا گوندی گۆل ته‌په‌ به‌ته‌واوی پاككراوه‌ته‌وه‌ له‌ چه‌كداران و هیچ كێشه‌ی ئه‌منی تیادا نه‌ماوه‌".

پێشتر میدیا عێراقییه‌كان له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2023، له‌ سنووری‌ قه‌زای مه‌خموور شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان سوپای عێراق و ژماره‌یه‌ك چه‌كداردا روویداوه‌ كه‌ پێده‌چێت سه‌ر به‌ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بن.


PM:02:59:02/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 2376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت