ئیسرائیل گیانله‌ده‌ستدانی 5 بارمته‌ی له‌ غه‌ززه‌ راگه‌یاند

‌ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ناوبردنی‌ حه‌ماس ده‌كات

وێستگه‌نیوز-
سوپای ئیسرائیل گیانله‌ده‌ستدانی پێنج بارمته‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس راگه‌یاند و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ بنه‌ماڵه‌كانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و ته‌رمی یه‌كێكیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌.


رۆژی‌ هه‌ینی‌ دانیال هاگاری وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل وتی: "له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل و پۆلیسی ئیسرائیل بنه‌ماڵه‌ی بارمته‌كان ئه‌لیاهو مه‌رگالیت، مایا گۆرن، ڕۆنێن ئه‌نگێل و ئاریه‌ زالمانۆڤیچیان له‌ گیان له‌ده‌ستدانیان ئاگاداركرده‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئاسایشی ناوخۆ (شین بێت): "ته‌رمی بارمته‌ ئۆفیر تسارڤاتیمان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئیسرائیل به‌خاك بسپێردرێت”.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ته‌رمی تسارفاتی "له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دۆزراوه‌ته‌وه‌" و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ مردنه‌كه‌ی ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌.

تسارفاتی له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ كۆنسێرتێكدا له‌ باشووری ئیسرائیل له‌ هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌مدا رفێندرا.

به‌ وته‌ی هاگاری، "تا ئێستاش حه‌ماس 136 بارمته‌ی‌ له‌لایه‌ن كه‌ 17یان ژن و منداڵن".
له‌م هه‌فته‌یه‌دا حه‌ماس كوژرانی سێ له‌ بارمته‌ ئیسرائیلییه‌كانی‌ له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ڕاگه‌یاند.

له‌ هێرشه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسدا له‌ 7ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوودا نزیكه‌ی هه‌زار و 200 كه‌س له‌ ئیسرائیل گیانیان له‌ده‌ستدا كه‌ زۆرینه‌یان مه‌ده‌نی‌ بوون.


AM:09:35:02/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو