هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هۆشداری‌ ده‌دات: هه‌رێم ده‌كه‌وێت


وێستگه‌نیوز-
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدات لەوەی هه‌رێم ده‌كه‌وێت و رایگه‌یاند كه‌ به‌ره‌و كوژانه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری سیستمی گشتیی و وێرانكردنی كه‌رتی گشتیی و تایبه‌ت ده‌چین.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 1ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2023، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگای سلێمانی په‌یامێكی‌ بلاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "بۆ ئه‌وانه‌ی ته‌ڕاییه‌ك له‌ به‌رپرسیارێتیی و دڵۆپێك له‌ خه‌می گشتیی و تروسكاییه‌ك له‌ ئومێدو پوشێك له‌ چاره‌سه‌ر، له‌ ویژدان و باوه‌ڕو گوفتارو كرداریاندا؛ ماوه‌..ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات و به‌رپرسیارێتییه‌كان ئاوابن و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ خۆی، له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌رێمایه‌تیی و له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌؛ وه‌ك ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خۆیان له‌ حكومه‌ت و خزمه‌ت و ژیان و بژێویی و ژینگه‌ی گشتیی؛ به‌دوربگرن و، خۆشیان به‌ خاوه‌نی زه‌وی و ده‌سكه‌وت و داهات و هێزو وزه‌و كانزاو بازاڕ بزانن، ئیتر وه‌ك پێشتر هه‌موولایه‌كمان ئاگاداركرده‌وه‌و كه‌س به‌بای خه‌یاڵیشیدا نه‌هات؛ به‌ره‌و كوژانه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری سیستمی گشتیی و وێرانكردنی كه‌رتی گشتیی و تایبه‌ت و به‌تاڵانبردنی ژێرخانی وڵات و خاپوركردنی سه‌رخانی وڵات و شكاندنی ئێسكه‌ په‌یكه‌ری داموده‌زگاكان و هاووڵاتیان؛ ده‌چین".

هه‌ڤاڵ‌ ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت: "بێئاگایانه‌؛ به‌رنامه‌ی دژه‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ین و داره‌كه‌ی ژێر پێی خۆمان به‌ ده‌ستی خۆمان؛ ده‌بڕینه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ده‌ ساڵه‌؛ له‌ لێكه‌وته‌ی نه‌زانیی یان زانایی چه‌ته‌گه‌رییانه‌ی سی و دوو ساڵی ڕابردووه‌وه‌؛ چاره‌سه‌ر نه‌ك پلان و دانانی ستراتیژ، بۆ بوجه‌ و موچه‌ و هێز و وزه‌ و خاك و خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌ دامه‌زراوه‌یبوون و هاووڵاتیبوون و ده‌وڵه‌تداریی و یاساسه‌روه‌ریی؛ نه‌كراوه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئه‌مڕۆ؛ هه‌موو جوڵه‌یه‌كی ژیان و به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌هۆی نه‌بونی به‌رنامه‌و پلان و موچه‌و بوجه‌و نرخی دراوو نه‌ختینه‌و كوژانه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی كاره‌باوه‌؛ له‌ هه‌موو كه‌رته‌ خودیی و كه‌سیی و تایبه‌ت و گشتییه‌كاندا وه‌ستاون".

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ هۆشداری‌ ده‌دات و نووسیویه‌تی‌: "ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ، ڕاده‌ی كه‌می ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و كێشه‌ و قه‌یران و كاره‌ساتانه‌ چاره‌سه‌رنه‌كرێن؛ نه‌ هه‌ژمونی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی، نه‌ فره‌ حیزبیی، نه‌ ئه‌م هه‌موو ماكینه‌ و كۆمپانیا میدیایانه‌ی له‌ داهاتی گشتیی داتانناون، سودێكی بۆ خزمه‌تی گشتیی نابێت و هه‌رێم ده‌كه‌وێت، كه‌وتنێك كه‌ بۆ ده‌یان ساڵی ئاینده‌؛ هه‌ستانه‌وه‌ به‌دوای خۆیدا ناهێنێت..".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا هه‌ڤاڵ‌ ئه‌بوبه‌كر رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌ كاتی زه‌یه‌كراوداین؛ تكایه‌، داوایه‌، ده‌رده‌، خواسته‌، مه‌رگه‌، كه‌وتنی هه‌موو شتێكه‌؛ ئه‌مڕۆ، كوژانه‌وه‌و كه‌وتنی سیستمی گشتیی چاره‌سه‌ر بكه‌ن. من؛ وتم، ده‌خوازم؛ تۆ بیستبێتت.. من؛ نوسیم، ده‌خوازم؛ تۆ؛ خوێندبێته‌وه‌..من؛ كردم، تۆش؛ بیكه‌، ڕۆژی ده‌ستپێشخه‌ریی كه‌سیی و خۆنه‌ویستیی و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتییه‌..(ماڵمان؛ پڕه‌ له‌ ڕازیانه‌، با؛ به‌؛ سكیه‌شه‌؛ نه‌مرین)".


PM:12:33:01/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 5308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو