وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیلە

‌ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

وێستگه‌نیوزـ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی دووه‌می 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە تەلئەبیبی پایتەخت ئیسرائیل.

لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، بلینکن تاووتوێی ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەی زیاتر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات.

لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز رایگه‌یاندووه‌: "یەکێکی دیکە لە تەوەری سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئیسرائیل، پرسی شەڕی غەززە و شێوازی ئیدارەدانییەتی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ".

لە دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە، ئەمە سێیەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوارەم سەردانیشیەتی بۆ ئیسرائیل.

سەردانەکەی بلیکن بۆ ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی یەک رۆژ، كه‌ ئەمڕۆ راگەیەندرا.

لە 7ی تشرینی دووه‌می 2023، بزووتنەوەی حەماس بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، لە دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد. بەپێی دوایین ئامار بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون، کە لە ناو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

هەربەپێی ئامارەکان، لە شەڕی غەززە زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

ئاگربەستی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە رۆژی هه‌ینی 24ی تشرینی دووه‌می 2023ەوە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. 
لەو ماوەیەدا حەماس 81 بارمتە و ئیسرائیلیش 180 هاووڵاتی فەڵەستینی ئازاد کردووە. دوو جاریش ئاگربەستەکە درێژکراوەتەوە.


AM:09:33:30/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت