به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان گران ده‌بێت


وێستگه‌نیوزـ

نوێنەری موه‌لیدە ئەهلییەكانی سلێمانی رایگه‌یاند، كە بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانییەوە كێشە بۆ موه‌لیدەكان دروست بووە و دەشڵێت: "بەهۆی زۆری كاركردنی كارەبای موه‌لیدەوە نرخی ئەمپێرێك بۆ ئەم مانگە دەگاتە 15 بۆ 16 هەزار دینار".

عوسمان محەمەد، نوێنەری موه‌لیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "كێشەكانی ئێمە لەوەوە سەریهەڵداوە، كە كارەبای نیشتمانی زۆر كەم بوه‌تەوە و رۆژانە موه‌لیدە لەكاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە هەڵدەكەین تا كاتژمێر 1ی شەو، هەروەها بەیانیان لە كاتژمێر 6:30 كارەبا هەڵدەكەین بۆ كاتژمێر 8ی بەیانی".

ئاشكراشی كرد، رۆژ هەیە 13 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای موه‌لیدە دەدەن بە هاووڵاتییان، كە موه‌لیدەكانیش توانای ئەوەیان نییە و بەشێكی موه‌لیدەكان ئەو موه‌لیدە یەدەگانەی هەشیان بووە شكاون.

وتیشی: "لە ئێستادا بەرنامەیەك نییە لە كارەبای سلێمانی بۆمان دابنرێت تا كاری پێ‌ بكەین تا لەماوەی ئەو 14 كاتژمێرەدا كارەبای نیشتمانی دوو بۆ سێ‌ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدرێتەوە".

جەختیشی كردەوە، وەرزی سەرما دەستی پێكردووە و بۆ مانگی داهاتوو پێشبینی دەكرێت دۆخی كارەبا خراپتر ببێت و بۆ ئەو كاتەش بەرنامەیەك هەیە، كە لە كاتژمێر 3ی عەسرەوە موه‌لیدە هەڵبكرێت.

سەبارەت بەوەی تا كارەبای زیاتر بدەن بە هاووڵاتییان پارەی زیاتر وەردەگرن بۆچی ناڕازین؟، نوێنەری موه‌لیدە ئەهلییەكانی سلێمانی دەشڵێت: "راستە، بەڵام كێشەكە لەەوەدایە، كە بەرنامەیەك نییە بۆ ئیشكردنی موه‌لیدە، بۆنمونە لە رۆژێكدا بۆمان دابنرێت 15 كاتژمێر كارەبا بدەین، بەڵام بە سێ‌ جار یان زیاتر نەك هەمووی بەسەریەكەوە، كە لە توانای موه‌لیدەكان نییە".

سەبارەت بە گرانی نرخی ئەمپێری كابەرای موه‌لیدە وتی: "ئێمە خۆمان لە بازاڕدا گاز دەكڕین و هیچ بڕە گازێكمان بۆ دابین ناكرێت و 75%ی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەریدەگرین تەنها دەدرێت بە گاز و هیچ هاوكاریییەك ناكرێین".

عوسمان محەمەد، نوێنەری موه‌لیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ئاشكراشی كرد، تا 15ی مانگ، كە سەرما نەهاتبوو نرخی یەك ئەمپێر دەگاتە 10 هەزار دینار، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە، كە سەرما دەستی پێكرد، لەوانەیە نرخی یەك ئەمپێر بگاتە 15 بۆ 16 هەزار دینار.



PM:05:58:29/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 15496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو