"له‌ یه‌ك ڕۆژدا له‌ ئێران پێنج هاوڵاتی‌ كورد له‌ سێداره‌ دراون"


وێستگه‌نیوز-
ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ رایانگه‌یاند كه‌ 5 زیندانی كورد كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ "ماده‌ی هۆشبه‌ر" و "كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست" سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو، رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 28ی تشرینی‌ دووه‌م له‌ زیندانی قزڵحه‌ساری كه‌ره‌ج و زیندانی ئیلام له‌ سێداره‌دراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان له‌ ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023، سێ كه‌س به‌ناوه‌كانی ئیقبال فه‌تحوڵاهی، موحسین ئه‌مرایی و شه‌هرام محه‌مه‌دبه‌یگی له‌سێداره‌دراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان  ده‌ڵێت: "ئیقبال فه‌تحوڵاهی، خه‌ڵكی ئیلام بووه‌ و موحسین ئه‌مرایی خه‌ڵكی شاری كۆهده‌شتی سه‌ر به‌ پارێزگای لوڕستان بووه‌ و هه‌ردوو ئه‌و له‌سێداره‌دراوانه‌ نزیكه‌ی 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ دۆسیه‌یه‌كی هاوبه‌شدا به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ "ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان" ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون و سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "هاوكاتی له‌سێداره‌دانی ئه‌و دوو كه‌سه‌، شه‌هرام محه‌مه‌دبه‌یگی، وه‌رزشكاری خه‌ڵكی ئیلام كه‌ به‌ تاوانی "كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست" سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو، له‌ زیندانی ناوه‌ندی شاری ئیلام له‌سێداره‌دراوه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ دوو هاوڵاتی‌ كوردی دیكه‌ له‌ پارێزگای ئیلام به‌ ناوه‌كانی عه‌لی ئاغامحه‌مه‌دی و ناسر مه‌قسوودی كه‌ پێشتر به‌ تاوانی "كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست" سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو، ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 28ی مانگی 11 له‌ زیندانی ناوه‌ندی شاری ئیلام له‌سێداره‌دراون.

به‌پێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئیستا بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی له‌سێداره‌دانه‌كانی ئه‌مساڵی ئێران به‌ به‌راورد به‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2022 كه‌ تێیدا 91 كه‌س به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درابوون، به‌ ڕێژه‌ی 126% زیادی كردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ 206 حاڵه‌تی له‌سێداره‌دان.

هه‌ر له‌م چوارچیوه‌یه‌دا ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م دواییانه‌دا زیادبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ له‌سێداره‌دانه‌كانی له‌ ئێران به‌ پرسێكی جێگای "نیگه‌رانی" ناوبرد و ڕایگه‌یاند له‌ ساڵی 2022دا لانیكه‌م 582 كه‌س له‌ ئێران له‌ سێداره‌ دراون كه‌ زیاتر له‌ 256 حاڵه‌تی له‌ په‌یوه‌ند به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ بووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2021 به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌.


PM:11:34:28/11/2023






ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت