سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل: حه‌ماس ئامانجێكی‌ ئاڵۆزه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كاتی ده‌وێت

‌سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە

وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل دانی‌ نا به‌وه‌ی‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ ئامانجێكی‌ ئاڵۆزه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كاتی‌ ده‌وێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023، هێرزی هالێڤی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل ڕایگه‌یاند كه‌ سوپا ڕۆژانی ڕاگرتنی چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ فێربوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی قۆستۆته‌وه‌.

هالیڤی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ میدیاكان بڵاویانكردۆته‌وه‌، ده‌ڵێت: "سوپای ئیسرائیل ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ شه‌ڕ، ئێمه‌ ڕۆژانی ماوه‌ی ڕاگرتنی كاتی چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ فێربوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی و په‌سه‌ندكردنی پلانی ئۆپه‌راسیۆن بۆ قۆناغه‌كانی دواتر به‌كارده‌هێنین”.

وتیشی‌: "ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ شه‌ڕكردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌ماس، ئه‌مه‌ش كاتی ده‌وێت، به‌و پێیه‌ی ده‌زانین ئامانجێكی ئاڵۆزه‌، به‌ڵام تا ئه‌وپه‌ڕی‌ ره‌وایه‌".

سه‌باره‌ت به‌و ڕاپۆرتانه‌ی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كێ به‌رپرسیارێتی ڕووداوه‌كانی 7ی تشرینی‌ یه‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و ئه‌و هۆشدارییانه‌ی پێش ئه‌وان هاتبوون، هالیڤی باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "له‌ رۆژانی‌ رابردوودا وتووێژ     سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سوپای ئیسرائیل و ده‌سه‌ڵاتی هه‌واڵگری سه‌ربازی سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی پێش ڕووداوه‌كانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌كرێت. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌ ترسناكه‌كان، لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، و گوێ له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كانمان ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌ بیرۆكه‌ و ڕاپۆرته‌كانی وه‌ربگرین".

وتیشی: "لێكۆڵینه‌وه‌ی چڕ و قووڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت سه‌رنجمان له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ بێت، هه‌روه‌ها نابێت سه‌ركرده‌كانی سوپا له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی به‌رپرسیارێتی ئه‌م یان ئه‌و لایه‌نه‌ بن، به‌و پێیه‌ی پێویستمان به‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئه‌ركه‌ زۆر و ئاڵۆزانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌".

سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای‌ ئیسرائیل له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا رایگه‌یاند كه‌ "تا ئاسایش بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نه‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ ناوه‌ستین".

ئیسرائیل چه‌ندین جار دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ دوای كۆتاییهاتنی ئاگربه‌سته‌كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ماس شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ كۆتایی پێهات و تا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ درێژكرایه‌وه‌.

ئیسرائیل ده‌ڵێت ئامانجی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌ غه‌ززه‌ نه‌هێشتنی حه‌ماس و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو بارمته‌كانه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌.



PM:08:15:28/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو