حزبێكی سوننه‌ داوا ده‌كات رێگه‌ به‌ حه‌لبوسی نه‌درێت به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكات


وێستگه‌ نیوزـ

دوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مان و دورخستنه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵیی عێراقه‌وه‌، هێشتا محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی دوورخراوه‌ی په‌رله‌مان له‌گۆڕه‌پانی سیاسیدا ماوه‌و و ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا كێبڕكێ بكات، به‌ڵام حزبێت سوننه‌ به‌ناوی "حزبی حەل" داوا ده‌كات حه‌لبوسی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش بێبه‌ش بكرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دەڵێت، حەلبوسی لە سەرۆکایەتی تەقەدوم بەردەوامە.

له‌ 19ی تشرینی دووەمی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە، له‌ 15ی هه‌مان مانگیش دادگاكه‌ ئەندامێتیی حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن".

دواتریش له‌ 23ی هه‌مان مانگ حزبی حەل كه‌ جەمال کەربولی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، سکاڵایەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە،  تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی مادەی (9/3) لە یاسای پارتەکان بە ژمارە (36) لە 2015دا، مەرجی دامەزرێنەری پارت ئەوەیە کە لە دادگە سزای بەسەردا نەسەپێنرابێت بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست، یان تاوانی شەرەف.
 
حزبه‌كه‌ی كه‌ربولی پێی وایە، تاوانی "شەرەف" بەسەر سەرۆکی هاوپەیمانی و  پارتی تەقەدوم جێبەجێ دەبێت و ئەندامێتیی لە هاوپەیمانی و حزبه‌كه‌ی کۆتایی پێدەهێنێت و لە سەرۆکایەتییەکەی دووری دەخاتەوە، داواش ده‌كات كۆمسیۆن رێگە نەدات حه‌لبوسی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات.

لەوبارەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  به‌ كه‌ناڵی رووداوی راگەیاندوه‌: "محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم کارەکانی خۆی دەکات و هاوپەیمانییەکە بەردەوامە".


PM:06:08:28/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو