عیزه‌ت سابیر: لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەك بەرمیل نەوت بە 50 هەزار دینار ده‌درێته‌ هاووڵاتییانی هه‌رێم

‌د.عیزەت سابیر، بریكاری وەزیری نەوتی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

عیزه‌ت سابیر، بریكاری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، نرخی نەوت و بەنزین بۆ نیوە كەم دەكرێتەوە و هەوڵ دەدەن نرخی سووتەمەنی هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق بێت، دەشڵێت: "لە 1-12-2023ەوە نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی لە 100 هەزار دینارەوە به‌ 50 هه‌زار دینار به‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێم دابه‌ش ده‌كرێت".

د.عیزەت سابیر، بریكاری وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا به‌ رووداوی راگه‌یاند: "لە سێ هەفتەی رابردوودا داوامان لە وەزیری نەوت كردووە، كە ناكرێت نرخی بەرمیلێك نەوت لە ناوچەكانی دیكەی عێراق 30 هەزار دینار بێت و لە هەرێمی كوردستان بە 100 هەزار بێت و وەزیری نەوت داواكەی پەسەند كردووە و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووریدا بڕیاری لێدراوە و پەسەندكراوە و به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق تا ئه‌وانیش واژووی بكه‌ن".

وتیشی: "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەك بەرمیل نەوت بە 50 هەزار دینار به‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێم دابەش دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەوڵ دەدەین بەهەمان جۆر بەنزین و گازیش نرخەكەی دابەزێت، عێراق یەك عێراقە و ناكرێت نرخی یەك لیتر بەنزین لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق 450 دینار بێت و لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێمی لە سەرووی 850 دینارەوە بێت".

جەختیشی كردەوە: "من كوڕی سلێمانیم و یەكێتی منی ناردووە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و هەوڵ دەدەم خزمەتی هەموو عێراقیەكان و هەرێمی كوردستان  بكەم".


AM:09:26:28/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 6004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت