ناتۆ داوای درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌كات

‌یانس ستۆڵتێنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ

وێستگه‌نیوز-
سكرتێری گشتیی په‌یمانی‌ باكووری‌ ئه‌تڵه‌سی‌ "ناتۆ" داوای درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی‌ كاتی‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌كات به‌ ئامانجی‌ گه‌یشتنی زیاتری یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بۆ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ و ئازادكردنی دیله‌كان.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023، یانس ستۆڵتێنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ و ئیسرائیل كرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ئاگربه‌ستی‌ مرۆیی نێوانیان.

ستۆڵتێنبێرگ به‌ر له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ناتۆ كه‌ له‌ 28 و 29ی تشرینی دووه‌م له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ برۆكسل ئه‌نجام ده‌درێت، قسه‌ی بۆ میدیاكاران كرد.

یانس ستۆڵتێنبێرگ وێڕای داواكاریی درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ئاگربه‌سته‌ مرۆییه‌كان و به‌رده‌وامیدان به‌ ئاڵوگۆڕی دیله‌كان، وتی: "بانگه‌وازی درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌ ده‌كه‌م".
وتیشی‌: "درێژكردنه‌وه‌ی‌ ئاگربه‌ست یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ گه‌یشتنی زیاتری یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بۆ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ و ئازادكردنی دیله‌كان".

ستۆڵتێنبێرگ جه‌ختی له‌سه‌ر چاره‌سه‌رێكی سیاسی به‌رده‌وام بۆ كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین و دۆخه‌كه‌ كرده‌وه‌.

سكرتێری گشتی ناتۆ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ بوونی هاوپه‌یمانان له‌ سوریا و عێراق كرد و رایگه‌یاند كه‌ "شایه‌تی هێرشه‌كردنه‌ سه‌ر بنكه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا و عێراق هه‌ین كه‌ به‌ درۆن و مووشه‌كه‌وه‌ لێیان ده‌درێت. هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كانیش. ئه‌و دۆخه‌ په‌ره‌ ده‌دات به‌ گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌. ئێران پێویسته‌ كۆنترۆڵی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ خۆی بكات".


PM:04:31:27/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو