نەتەوە یەکگرتووەکان: 61 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی گەیەندرایە کەرتی غەززە

‌دیمەنێک لە کاتی گەیاندنی هاوکارییەکان

وێستگه‌نیوزـ

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژی شەممە 61 بارهەڵگری کەلوپەلی پزیشکی و خۆراک و ئاویان لە باکووری غەززە دابەزاندووە، باسی له‌وه‌شكردووه‌، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست نێوانیان 248 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتی غەززە.

ئەڤیچای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، پشتڕاستی کردەوە، "61 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی گەیەندراوەتە ناوچەی باکووری کەرتی غەززە بە گشتی و بۆ ئەو ناوەند و پەناگانەیە کە هێشتا چۆڵ نەکراون".

وتیشی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بە رەزامەندی ئیسرائیل لە رێگەی رێڕەوی مرۆییەوە ئەنجام دەدرێت، بارهەڵگرەکانی هاوکاری مرۆیی تەنها خۆراک و ئاو و کەل و پەلی پەناگەکان و پێداویستی پزیشکییان تێدابووە".

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، 11 ئەمبولانس و سێ پاس و قەرەوێڵەیەکی پزیشکی تەخت گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شیفا، کە لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕێکی سەختی بەخۆیەوە بینیوە.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەم نەخۆشخانەیە بە ناوەندی فەرماندەیی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس لە کەرتی غەززە دەزانن، کە بزووتنەوەکەش رەتیدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: تا ئاگربەستەکە زیاتر بخایەنێت، دەزگاکانی فریاگوزاری مرۆیی زیاتر دەتوانن هاوکاری زیاتر بۆ غەززە بنێرن، هەروەها سوپاسی کۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستین و میسری کرد.

رۆژی هەینی کە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 137 بارهەڵگر هاوکارییان گەیاندووەتە غەززە.

رۆژی هەینی بەنێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا رێککەوتنی ئاگربەستێکی چوار رۆژە راگەیەندرا، کە لە رێککەوتنەکەدا ئازاد کردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بەکەرتی غەززە، تێدا واژۆ کراوە.


AM:09:43:26/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت