حه‌ماس ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌كات و گۆڕینه‌وه‌ی بارمته‌كانی دواخست


وێستگه‌ نیوزـ

بزووتنەوەی حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد به‌وه‌ی پابه‌ند نییه‌ بە رێککەوتنەکەی نێوانیا و به‌وهۆیشه‌وه‌ قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دواخست. 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، تائەوکاتەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوانیان ده‌ست به‌ قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ناكه‌ن.

به‌وته‌ی سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس، ئازادکردنی کاروانی دووەمی بارمتەکان، پەیوەستە به‌وه‌ی ئیسرائیل رێگه‌ به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی بارھەڵگری ھاوکارییە مرۆییه‌کان بدات بۆ باکوری غەززە. 

پێشتریش وتەبێژێکیش بەناوی سوپای ئیسرائیلەوە رایگەیاندبوو كه‌ ھۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئازادکردنی بارمتەکان، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتنی گەیشتنی بارھەڵگری ھاوکارییەکان بۆ غەززە. 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بڕیاروابوو ئێوارەی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی رۆژی دووەمی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس 56 دیلی یەکتریان ئازاد بکەن و رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌جۆرێك بوو كه‌ ئیسرائیل 42 بارمتەی فەلەستینی و حەماسیش 14 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات.

رۆژی ھەینی ئاگربەستی نێوان حەماس وئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تائێستا 13 بارمتەی ئیسرائیلی و 39 بارمتەی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ کرون و 10 ھاوڵاتیی تایلەندی و یه‌كێكی دیكه‌ی فلیپینیش لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون.


PM:07:56:25/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت