ئیسرائیل: ئه‌مڕۆ 14 بارمته‌ و 42 زیندانی ئازاد ده‌كرێن

‌ژماره‌یه‌ك لەو منداڵە فەلەستینییە دەستبەسەرکراوانەی دوێنێ‌ هەینی ئازاد کران

وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسانی‌ ئیسرائیسل ئاشكرایانكرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئاگربه‌ستی‌ كاتی‌ له‌گه‌ڵ‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسیی‌ فه‌له‌ستینی‌، ئه‌مڕۆ 42 زیندانی فه‌له‌ستینی‌ ئازاد ده‌كرێن، له‌به‌رامبه‌ردا حه‌ماس 14 ئیسرائیلی‌ ئازاد ده‌كات.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023، به‌رپرسانی ئیسرائیل رایانگه‌یاند كه‌ له‌ ڕۆژی دووه‌می ئاگربه‌ست له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، ئیسرائیل 42 ده‌ستبه‌سه‌ركراوی فه‌له‌ستینی ئازاد ده‌كات و حه‌ماسیش 14 له‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌ستبه‌سه‌ری كردوون، ئازاد ده‌كات.

كه‌ناڵی‌ سكای‌ نیوز له‌ زاری به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ زیندانه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "لیستی ناوی 42 زیندانیی ژن و زیندانییه‌كی منداڵمان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ له‌ وه‌جبه‌ی دووه‌می گرێبه‌ستی ئاڵوگۆڕكردندا ئازاد ده‌كرێن”.

له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ئاگربه‌ستی كاتی كه‌ بڕیاره‌ چوار ڕۆژ بخایه‌نێت و به‌ نێوه‌ندگیری قه‌ته‌ر و میسر و ئه‌مریكا ئه‌نجامدرا، 13 ده‌ستگیركراوی ژن و منداڵی ئیسرائیلی حه‌ماس ئازادكران، له‌ به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل 39 ده‌ستگیركراوی ژن و منداڵی قه‌له‌ستینی‌ ئازاد كرد.

ئاژانسی فرانس پرێس له‌ زاری به‌رپرسێكی ئیسرائیلییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، "ڕۆژی شه‌ممه‌ حه‌ماس 14 بارمته‌ ئازاد ده‌كات".

پێشتر ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیله‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "ئیسرائیل ڕۆژی شه‌ممه‌ 42 ده‌ستبه‌سه‌ركراوی فه‌له‌ستینی ئازاد ده‌كات”.

له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ئاگربه‌ستدا، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستین 25 بارمته‌ی ئازاد كرد كه‌ 12یان تایله‌ندی و 13یان ئیسرائیلین و زۆری ئازادكراوه‌كانیش ژن و منداڵن، له‌ به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل 39 بارمته‌ی فه‌ڵه‌ستینی ئازادكرد.


PM:12:49:25/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو