وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل: ئاگربه‌ست كورتخایه‌نه‌ و دواتر به‌وپه‌ڕی هێز ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوای 48 رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکرد و بڕیارە تا چوار رۆژ بەردەوامبێت و لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆشەوە دەست بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان كرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه‌یه‌شدا، وه‌زیری به‌گریی ئیسرائیل هه‌ره‌شه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، دواتر به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

ئەمڕۆ هەینی، بە نێوەندگیری قەتەر شەڕ لە غەززە راگیرا و بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژی ئاگربەستەکەدا 50 دیلی ئیسرائیلی ئازادبکرێن و لە بەرامبەر هەر یەکێکیشیاندا سێ دیلی فەڵەستین رادەستی حەماس بکرێنه‌وه‌.

لەبارەی ئازادکردنی دیلەکانیشەوە، سریتا تاڤیسین، سەرۆک وەزیرانی تایلەند ڕایگەیاند، حەماس ڕۆژی هەینی 12 بارمتەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی ئازادکردووە کە لە کاتی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەردا دەستبەسەرکرابوون، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە جێبەجێکردنی ئاگربەست.

هه‌ر ئه‌مڕۆ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە." وتیشی، "تا ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین."

 وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل وتیشی: ئامانجیان لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکانە لە غەززەوە بۆ ئیسرائیل.

 ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کاتی سەردانی دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ وڵاته‌كه‌ی، رایگەیاند، "ئامانجەکانمان کە لەناوبردنی هەمیشەیی حەماسه‌، ئەگەر حەماس لەناونەبرێت هەرگیز ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەب نایه‌ته‌دی."

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تا ئێستا 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و 150 کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.

 جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.


PM:05:22:24/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو