ئیسماعیل هەنییە: لەگەڵ ئیسرائیل نزیکین بگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لە بەرامبەر ئاگربەستێکی کاتی

‌ئیسماعیل هەنییە

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند، نزیکن لەوەی لەگەڵ ئیسرائیل بگەنە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لە بەرامبەر ئاگربەستێکی کاتی. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی دووه‌می 2023، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: حەماس وەڵامی خۆی لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە بە ئیسرائیل گەیاندووە، بەڵام لە روونکردنەوەکەیدا کە بە میدیای جیهانی داوە، هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر ناوەڕۆکی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە نەداوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان پێشانداوە و چاوەڕێی وەڵامی حەماسن. 
 
هەروەها جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند "بڕوای وایە رێککەوتنێک نزیکە". 
 
جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگه‌یاند: "بەراورد بە رابردوو، ئێمە ئێستا لە رێککەوتنێک نزیکین کە رێگە بە ئازادکردنی بارمتەکان و وەستاندنی شەڕ دەدات بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی پێویست بگاتە غەززە". 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا، نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرتووە. 
 
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رایگەیاند، میریانا سپۆلیاریج، سەرۆکی رێکخراوەکە رۆژی دووشەممە لە قەتەر لەگەڵ هەنییە کۆبووەتەوە "بۆ بەرەوپێشبردنی پرسە مرۆییەکان"ی پەیوەست بە ململانێکە. 
 
خاچی سوور باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەوان بەشێک نین لەو رێککەوتنەی کە هەوڵدەدرێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت، بەڵام وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن ئامادەیە "ئاسانکاری" بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە داهاتوودا بکات دوای ئەوەی کە لایەنەکان لەسەری رێکدەکەون.
 
هەفتەی رابردوو، رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە قەتەر هەوڵدەدات ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی سێ رۆژی بەرامبەر ئازادکردنی 50 بارمتە، رازیبکات. 
 
مایکڵ هێرزۆگ، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بە میدیای ئەمریکیی راگەیاند، هیوایان وایە "لە چەند رۆژی داهاتوودا" بگەنە رێککەوتن، هەروەها شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی رایگەیاند کە ئەو خاڵانەی هێشتا لەسەری رێکنەکەوتوون "زۆر بچووکن".


AM:09:07:21/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت