دەزگای ئاسایشی هەرێم ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌: بكوژی فرسه‌ت مه‌له‌كی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌ڵهاتووه‌


وێستگه‌ نیوزـ

ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كوژرانی هاوڵاتی "فرسەت مەلەکی" ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ بكوژه‌كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵهاتووه‌.

له‌ راگه‌یه‌نداوێكدا ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: لەڕۆژی ٢٠٢٣/٥/٢ لەسەر ڕێگای ( هیزۆپ-قەمتەران ) لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووداوێکی نادیار هاوڵاتی ( فرسەت مەلەکی ) کە پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووە دەکوژرێت و تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵدێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دوای ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر فەرمانی دادوەر دەستپێکرد، زانیاری وورد لەسەر ئەنجامدەری تاوانەکە بەدەستهات و دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشتبەست بەزانیاری و کامێرای چاودێری، توانرا تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستنیشان بکرێت و بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەربکرێت.

ده‌زگاكه‌ ده‌ڵێت: "تۆمەتبار لەڕێگەی سیمکارتی بێسەرەتاوە پەیوەندی بە تاوانلێکراوە کردووە، بە مەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل فریویداوە و تۆمەتبار بەبیانووی لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەی، تاوانلێکراو دەباتە دەرەوەی شار و چەند جارێک بە بیانووی جۆراوجۆر ناونیشانی شوێنیان دەگۆڕن و بەمەش تاوانلێکراو گومان دەکات و هەڵدێت، بەڵام لەسەر ڕێگای نێوان گوندەکانی ( هیزۆپ و قەمتەران ) تاوانەکە ئەنجام دەدرێت. "

هاوكات ناوی تۆمه‌تباره‌كه‌شی ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تی: "تۆمەتبار ( ڕێبوار تەها محمد ) بەپێ ی زانیارییەکانی هێزەکانی ئاسایش لەئێستادا هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی ٤٠٦ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

له‌كاتی كوشتنی فرسه‌ت مه‌له‌كی، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەرین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتبووی: "بەرواری ٢-٥-٢٠٢٣، نزیک کاتژمێر ٧ی ئێوارە لەسەر رێگای سەرەکی نێوان چوارقوڕنە – هیزۆپ، تەقە لە هاوڵاتییەک، کرا، بەناوی (ف،ق،ح) لە رەگەزی نێر کە کاتێک لەناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆی دابووە، بەوهۆیەوە بریندار بوو. بەهۆی سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

هه‌ر له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا، چەند سەرچاوەیەکی ناوچەکە ئەو رووداوەیان بە "تیرۆركردنی" موراد کانی کوردەیی به‌سته‌وه‌و بنەماڵەی موراد کانی کوردەیش لە پەیامێکدا رایانگەیاند: "فرسەت مەلەکی لە ساتەوەختی تیرۆركردنی شەهید موراد دا وەك هاوڕێیەك هاوەڵی شەهید مورادی كردبوو بۆ نان خواردنی ئێوارە لە شاری رانیە، بەداخەوە لەو رووداوەدا شەهید موراد و سێ لە هاوڕێكانی شەهید دەكرێن و كاك فرسەتیش لە لایەن ئەو هێزەوە دەستگیر دەكرێت و دوای ماوەیەك ئازاد دەكرێت".

بنه‌ماڵه‌كه‌ی موراد كانی كورده‌یی وتبویان: "شەهید فرسەت پیاوێكی كاسب و دەست و دڵ پاك بوو بە هیچ شێوەیەك تێكەڵی كاری سیاسی و ململانێی نەكردووە بەداخەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێكی تەمومژاویدا بە دەستێكی رەش و لەرزۆك تیرۆركرا".

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لێرە بکە


PM:08:27:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 9524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت