به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر بۆ خوێندكاران: ئاگاداری سەری مەنهۆڵەکان بن

‌وێنە..ئەرشیف

وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر سەبارەت بە رێنماییەکانیان تایبەت بۆ سبه‌ینێ سێشەممە، کە باران بەردەوام دەبێت، خوێندكاران و قوتابیانی ئاگادار كردوه‌و وتی: " قوتابیان ئەوانەی بە پیادە بۆ قوتابخانەکانیان دەڕۆن، ئاگاداری رێڕەوە ئاوییەکان و سەری مەنهۆڵەکان بن."

 موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە كه‌ناڵی رووداوی وتوه‌: "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینیچ سێشەممەش باران بەردەوام دەبێت، بۆیە وا باشترە بەتایبەت بۆ قوتابیان ئەوانەی بە پیادە بۆ قوتابخانەکانیان دەڕۆن، ئاگاداری رێڕەوە ئاوییەکان و سەری مەنهۆڵەکان بن، هەوڵبدەن لەو کاتەی لێزمە بارانە نەچنە قوتابخانەکانیان، ئەگەر کەمێکیش دوابکەون باشترە لەوەی ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە."

سەبارەت بەو شۆفێرانەش کە قوتابیان دەگوازنەوە، موقەدەم کاروان وتی "باشترە هەموو شۆفێرێک پەتێکی 10 مەتریی بە ئەڵقەوە پێبێت، چونکە لەکاتی کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئاسانکاری دەکەن بۆ راکێشانیان."

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوەو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ی لە سەرجەم دامودەزگەکان و ناوەندەکانی خوێندن کردبوو بە پشووی فەرمی.


PM:07:43:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت