رۆژنامه‌یه‌ك: ھێلیكۆپته‌رێكی ئیسرائیل له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌مدا ته‌قه‌ی‌ له‌ ئیسرائیلییه‌كان كرد


وێستگه‌نیوز-

ڕۆژنامه‌یه‌كی‌ ئیسرائیلی‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ھێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی سوپای‌ ئیسرائیل له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌مدا ژماره‌یه‌ك فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیلی برینداركرد.

ڕۆژنامه‌ی "Haaretz" له‌ ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ھێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی سه‌ربه‌ سوپای ئیسرائیل له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌مدا، ته‌قه‌ی له‌ به‌شداربووانی فێستیڤاڵی میوزیكی "نۆڤا" كردووه‌ كه‌ له‌ نزیك ئۆردووگای‌ جووله‌كه‌نشینی "ڕه‌عیم" له‌ باشووری ئیسرائیل به‌ڕێوه‌چوو.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌پێی ھه‌ڵسه‌نگاندنی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان، ڕۆژی 7ی تشرینی یه‌كه‌م، ھێلیكۆپته‌رێكی جه‌نگی سه‌ربه‌ سوپای ئیسرائیل، گه‌یشتووه‌ته‌ شوێنی فێستیڤاڵه‌كه‌ و ته‌قه‌ی كردووه‌ و به‌ھۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینی‌ برینداربوون.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ھه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ئاماده‌كراوه‌ كه‌ پۆلیسی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی حه‌ماس ئه‌نجامی ده‌دات.

ڕۆژنامه‌ی "Haaretz" باسی له‌وه‌یش كردووه‌، چه‌كدارانی حه‌ماس، ھیچ زانیارییه‌كی پێشوه‌خته‌یان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی فێستیڤاڵی میوزیكی "نۆڤا" نه‌بووه‌، كه‌ له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌مدا، له‌ نزیك ئۆردووگای‌ جووله‌كه‌نشینی ڕه‌عیم به‌ڕێوه‌چوو و ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ چه‌كدارانی حه‌ماس، ڕۆژی 7ی تشرینی یه‌كه‌م له‌خۆوه‌ ھێرشیان كردبووه‌ سه‌ر فێستیڤاڵه‌كه‌.

ڕاشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌رپرسانی باڵای ئه‌منی گومانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حه‌ماس له‌ ڕێگای پاراگلایدێر یان فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌، له‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ ئاگاداربوون و دواتر داوای له‌ چه‌كداره‌كانی كردبوو بچنه‌ شوێنی فێستیڤاڵه‌كه‌".

ڕۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو، به‌پێی ئه‌وه‌ی پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ ئاكامی ھێرشی سه‌ر فێستڤاڵه‌كه‌، 367 كه‌س كوژراون.

لای‌ خۆیه‌وه‌ میدیای‌ حه‌ماس و لایه‌نگره‌كانی‌ له‌ تێلیگرام گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند كه‌ ساتی‌ ته‌قه‌كردنی‌ هێلیكۆپته‌رێكی‌ ئیسرائیلییه‌ له‌و ئیسرائیلییانه‌ی‌ به‌شداری‌ ئاهه‌نگی‌ میوزیكه‌كه‌ بوون.

بۆ بینینی ڤیدیۆ کلیک لێرە بکە:


PM:04:00:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 5544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت