هۆشیار زێباری: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە حەلبووسی زۆر هەڵە بوو
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی
وێستگهنیوزـ
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، دواین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی حەلبووسی، جەمسەربەندی لە عێراقدا دروست دەکات، ئەمە لاوازی دامەزراوەکان و بێ توانایی دامەزراوەکان نیشان دەدات لەم کاتەدا، ئەم بڕیارە نایاسایی بوو و لەم کاتەدا زۆر هەڵە بوو.
هوشیار زێباری، لە کۆڕبەندی چوارەمی مێپس رایگەیاند، وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تۆنی بلێر لە قسەکانیدا باسی کرد، "دەمانویست ئەمساڵ ساڵێکی باش و خۆشگوزەران بێت، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان"، بەڵام جارێکی تر گەڕاینەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە کۆنە بدەینەوە، کە ئایا ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە؟ من زۆر بە سادەیی دەڵێم "نەخێر".
زێباری وتیشی، ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە و هێرش کرایە سەر جولەکەکان، ئیسرائیل خاڵی وەرچەرخان بوو، زۆر لە هێڕشەکانی دیکەی جیاواز تر بوو، ئەمە هەڕەشەیەکی لەناو بەرە بۆ هەردوولا، لە ساڵی 2014 لەگەڵ شاندێکی وڵاتانی عەرەبی، سەردانی غەززەم کردووە، هەست بە ئازار و ناسۆرەکانی خەڵکی غەززە دەکەم، دەزانم دۆخی غەززە تێکچووە، لە هەموو روویەکییەوە بەتایبەت لە رووی مرۆیی.
جەختیکردەوە، راشکاوانە بڵێم "ئەوەی ئێستا روودەدات زۆر جیاوازە، وەڵامەکان و دەرئەنجامەکان زۆر خراپن، بەهەموو ستاندەرێک وەک رابردوو نەبووە".
ئاشکرایکرد، ئێستا زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە گیراون، کە خەڵکی سڤیلن، ئەمەیش وایکردووە کە ئیسرائیل بچێت بەدوای حەماسدا، من نازانم ئیسرائیل چۆن بیر دەکاتەوە، من وتەبێژ و پارێزەری ئەوان نیم، بەڵام پێموایە، "ئەمە شەڕێکی تەواو جیاوازە پێم باشە خەڵکی تۆزیک بە بارودۆخی خۆیدا بچێتەوە"، هەر وەک تۆنی بلێر وتی، "ئەمە شەڕێکی جیاوازە، جیهانێکی جیاوازە".
زێباری راشیگەیاند، "من یەکسەر دەرئەنجامەکەت پێدەڵێم، 11 سێپتەمبەر سیاسەتی جیهانی گۆڕی، وایکرد کە هەندێک بڵێن، عێراق ئازاد کرا و هەندێک بڵێن داگیر کرا، ئەفغانستانیش بەهەمان شێوە، بەڵام لە راستیدا توندرەوە ئیسلامییەکان کردیان، بەهەمان شێوە ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر روویدا جارێکی دیکە، ئیسلامییە توندڕەوەکان ئەنجامیاندا".
لەلایەکی ترەوە باسی لەوەکرد، محەمەد بن سەلمان دەڵێت: " رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەمە سەنتەری هەموو جیهان ئەم سیاسەتە ئیتر پاشەکشەی پێدەکرێت"، ئەگەر ناکۆکی هەبێت، هیچ کەس ناتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات.
دەشڵێت، "کاتێک کە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو ئیتر خەڵکی بە ئاڕاستەیەکی تر دەچێت، پێچەوانەی ئەوەی تۆ دەتەوێت، لە عێراقیش بەداخەوە رووبەڕووی کات و ناسەقامگیر دەبینەوە و دواین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی حەلبووسی، بەراستی هاوشێوەی نەبووە، ئەمە جەمسەربەندی لە عێراقدا دروست دەکات، کێشە لە عێراقدا دروست دەکات، بەڕاستی نادادپەروەرانە بوو، نایاسایی بوو، ئەمە لاوازی دامەزراوەکان و بێ توانایی دامەزراوەکان نیشان دەدات لەم کاتەدا. ئێمە بەرەو چەند هەڵبژاردنێک دەچین، هەروەها دۆخی ناوچەکەش باش نییە، ئەم بڕیارە لەم کاتەدا باش نییە، زۆر هەڵەیە، دەبێت شتێکی هەڵە روویدابێت".
چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک لە رۆژانی (19 و 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.
لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێڵ بەڕێوەدەچن کە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت، هەروەها ئالنگاری ئەمنی و ئابووری و سیاسی و بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ دەکرێت.
کۆڕبەندی مێپس کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هوشیاری زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیان کەسایەتی دیکە بەشداری دەکەن.
PM:01:32:20/11/2023
ئهم بابهته 828
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت