قوباد تاڵه‌بانی: نابێ پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بکەین

‌قوباد تاڵەبانی

وێستگه‌نیوزـ

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم رایگه‌یاند، کوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستور کێشە سەرەکیەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکات وەک پرسی گرنگی بودجە و مووچە کە بوونەتە کێشەی گەورە لە کوردستان، دەشڵێت "نابێ پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بکەین و دەبێ بەهێزی بکەین".

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆك وه‌زیرانی هه‌رێم لە پانێلی (پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عیراق) لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: "دەستوورێكی هاوتەریب لەگەڵ بەغدا، بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە هەرچەندە كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات، دەشبێت پرسی فێدڕالیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت".

راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن عیراقەوە بۆ مافە دەستوورییەكانمان، دەستوور پێشێل كراوە، بەڵام بەشێكی ئەو پێشێلكارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان غیابی دەستوورمان هەیە".

جێگری سەرۆك وه‌زیرانی هه‌رێم راشیگەیاند: "بەڵێ كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات وەك پرسی گرنگی بودجە و مووچە كە بوونەتە كێشەی گەورە لە كوردستان، هەرچەندە كێشەكە لە دەستووری عیراق و زارەوەكانیدا ناو دەستوور نییە، پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئایا پێكهاتەكانی عیراق دەتوانن و دەیانەوێت پێكەوە بژین؟". 

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی رایگەیاند: "وەك كورد پێویستە پێش هەموو شتێك، نێوماڵی خۆمان یەكبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بكەین، هەروەها پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم كێشانە پێكەوە بەستراون".

لەبارەی فیدراڵیزمیشەوە جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: "پێكهاتەكانی عیراق بەشێوەیەكی جیاواز پێناسەی فیدراڵیزم دەكەن، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیش دەبێتە هۆی بوونی هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراقدا، بەبێ ئەنجومەنی فیدراڵیش دەكرێت سیستمی فیدرالیزم لە عێراق جێبەجێ بكرێت، هاوكات پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە هەبێت".

وتیشی: "وەك هەرێمی كوردستان پێویستمان بە دەستووری دووەمە و پێویستە سیستمێكی خۆمانمان هەبێت، راستە دەستوور باڵانسی زیاتر دەداتە ژینگەی سیاسی، بەڵام ئەگەر عەقڵییەتێكی باشمان نەبێت دەستوور ناتوانێت هەموو كێشەیەك چارەسەر بكات، لەم روانگەیەشەوە عیراق پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە لە عیراقێكی ئازاددا بژین".

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت: "تەئكید دەكەمەوە پێش هەموو شتێك پێویستە عەقڵییەت هەموار بكرێتەوە، چونكە دەستوور و یاسا بەتەنها نابنە چارەسەر بۆ كێشەكان، لە رابردوودا كورد بەشدارێكی كارا بوو لە یاسای بودجە، بەڵام كورد چ سوودێكی لە یاساكە بینی؟ یان یاسا چ سوودێكی هەیە ئەگەر جێبەجێ نەكرێت؟".


PM:12:46:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو