ئەمریکا پێنج ئەندامی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق و ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە


وێستگه‌نیوزـ

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقیدا سەپاند و هێزەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی کە لە پشت هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانییەکانییەوەیە لە عێراق و سوریا.
 
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سوریا، لە کاتێکدا کە گرژیی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
 
لەو هێرشانەدا لانیکەم 59 سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە پێنتاگۆن دەڵێت، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکیان.
 
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی هەینی 17ی تشرینی دووه‌می 2023 شەش کەسی خستە لیستی سزاکانییەوە کە پەیوەندییان بە گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە هەیە.
 
بەوتەی نووسینگەکە، ئەو شەش کەسە "لە پشت زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییەی دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانییەوەن لە عێراق و سوریا".
 
برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی رایگەیاند: "هەنگاوی ئەمڕۆمان پەیامێک بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و هەموو ئەو گرووپانە دەدات کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەوەی کە ئەمریکا هەموو رێکارێکی بەردەست بەکاردێنێت بۆ لێپرسینەوە لە هەر لایەنێکی هەلپەرست کە بیەوێت دۆخی غەززە بۆ ئامانجی خۆی بقۆزێتەوە".
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەشڵێت، "ئێمە بە تەواوی پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ شکستهێنان بەو کارە تێکدەرانە".
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا پێشتر لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" پۆلێنکرابوو، ئەوەش بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
 
ئەو کەسانەی کە خراونەتە لیسیتی سزاکانەوە بریتین لە:
 
- عیماد ناجی بەهدلی، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە دەزگای سەرەکی بڕیاردەری گرووپەکەیە.
- حەبیب حەسەن موغامیس دەراجی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا.
- جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵا.
- خالد کازم جاسم ساکینی، فەرماندە لە کەتائیبی حیزبوڵڵا.
- باسم محەممەد ماجدی، بەرپرسی پەرەپێدانی بازرگانیی حیزبوڵڵا.  
- موجتەبا جەهاندوست، بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران کە هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای پاسداران و کەتائیبی حیزبوڵڵادا کردووە.
 
وەزارەتەکە روونیکردەوە کە لە ئەنجامی ئەم سزایانەدا، سەروەت و سامانی کەسە سزادراوەکان لە ئەمریکا یان هەر شوێنێکی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکییەکان سڕ دەکرێت، هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیان قەدەخە دەکرێت، لە پاڵ قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا.


PM:08:57:17/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت