سبهینێ پهرلهمانی عێراق كۆبوونهوهیهكی نائاسایی ئهنجام دهدات
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق. وێنە: ئەرشیڤ
وێستگهنیوزـ
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، سبەینێ شەممەی دیاریکرد بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر بنەمای داوای 50 پەرلەمانتار، بەبێ ئەوەی کارنامەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات.
رۆژی هەینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لەسەر بنەمای ماددەی 58ـی دەستوور کە ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر داوای سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەیزران، سەرۆکی پەرلەمان یاخود 50 پەرلەمانتار دەکرێت داوا لە پەرلەمان بکرێت بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی، کە کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بەو پرسەی بانگهێشتەکەی بۆ داواکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق داوایەکی لە زیاتر لە 50 پەرلەمانتاراوە پێگەیشتووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە رۆژی شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریکردن.
هەرچەندە بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد.
رۆژی سێشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.
دوای بڕیارەکەش لە هەمان رۆژدا، هەریەکە لە محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
لە ناوەڕۆکی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.
رۆژی دواتریش، محەممەد حەلبووسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".
حەلبووسی راشیگەیاند: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لەسەر پەرلەمانتار دەربکەن، هەروەها تەنیا بەپێی ماددەی 52ـی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".
رۆژی پێنجشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2023، جاسم عومەیری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی کە ئاماژە بەکۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەکات، هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات بەجێبەجێکردنی بەگوێرەی ماددەی 94ی دەستوور و بە هیچ شێوەیەک تانەی لێنادرێت".
PM:07:24:17/11/2023
ئهم بابهته 1196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت