تایبه‌تمه‌ندی جه‌نگی شاره‌كان چییه و كێن قوربانییه سه‌ره‌كییه‌كانی؟
وێنە: رۆیتەرز
وێستگهنیوزـ سکای نیوز
له‌م راپۆرته‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به كورتی، باس له شه‌ڕی نێو شاره‌كان بكه‌ین، شه‌ڕی كۆڵان و كۆڵان و شه‌قام و شه‌قام، شه‌ری نێو باڵه‌خانه و تاوه‌ر و خانووه رووخاوه‌كان، شه‌ڕێك ئه‌وانه‌ی به‌رگری له شاره‌كه ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌شی په‌لاماری شاره‌كه ده‌ده‌ن، هێند نزیكن له‌یه‌كه‌وه، جار هه‌یه گوێیان له ده‌نگی یه‌كتر ده‌بێت.
جه‌نگ یان شه‌ڕی شاره‌كان، به یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین و پڕ قوربانیترینی جه‌نگه‌كان داده‌نرێت، له هه‌ر شارێك و له هه‌ر كات و ساتێك‌دا رووبدات، ئه‌و شاره وێران ده‌بێت و دانیشتوانه مه‌ده‌نییه‌كه‌ی، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من و هه‌رگیز شاره‌كه، سیما و رووكاره راسته‌قینه‌كه‌ی پێش شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌و هاوڵاتییه مه‌ده‌نیانه‌ی له‌وێدا گیان له‌ده‌ستده‌دن، ته‌نها ده‌بنه ژماره‌یه‌ك له قوربانی و خه‌مێكی قورس بۆ خزم و كه‌سه زیندووه‌كانی دوای خۆیان به‌جێده‌هێڵن.
شه‌ڕی غه‌ززه نوێترین شه‌ڕی تازه‌ی شاره‌كانه، ئه‌م شه‌ڕه 41 رۆژه به‌رده‌وامه و تێیدا سوپای ئیسرائیل، هێرشێكی زه‌مینی بێ وێنه‌ی كردووه‌ته سه‌ر شاره گه‌مارۆدراوه‌كه. ئه‌مه‌ش وایكردووه شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، جۆر و شێوازی نوێ به‌خۆیه‌وه ببینێت.
به گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌كانی شاره‌زایه‌كی سه‌ربازی كه قسه‌ی بۆ سكای نێوزی عه‌ره‌بی كردووه، شه‌ڕی غه‌ززه، چووه‌ته قۆناغێكی نوێوه: "قۆناغی شه‌ڕی شاره‌كان و بانده‌كان". ئه‌مه‌ش شه‌ڕێكی دڕندانه‌ی سیخناخ له وێرانكارییه و تێیدا هه‌م خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی و هه‌م خودی شاره‌كه، ده‌بنه گه‌وره‌ترین قوربانی.
جه‌نگی شاره‌كان چین و دیارترین ئاله‌نگارییه‌كانی چییه؟
به‌گوێره‌ی راپۆرته سه‌ربازییه‌كان، جه‌نگی شاره‌كان بریتییه له ململانێیه‌كی چه‌كداری كه له ناوچه‌یه‌كی ئاوه‌دان و شوێنی نیشته‌جێبووندا رووده‌دات و روبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئاله‌نگاری ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ری هه‌یه جه‌نگه‌كه درێژه بكێشێت و خوێناویش بێت و زیانی گیانی و مادیی زۆری لێبكه‌وێته‌وه. جه‌نگی له‌م جۆره پێویستی به پلانی ورد، هه‌مه‌هانگی باش، خۆئاماده‌كردنی گه‌وره هه‌یه. ئه‌مه‌ی خواره‌وه هه‌ندێك له ئالهنگارییهكانه:
*به‌رزی و نزمییه ئاڵۆزه‌كانی شاره‌كه: له‌وانه شه‌قامه‌كان، باڵه‌خانه‌كان، تونێل و ژێرزه‌مینه‌كان، هه‌مو ئه‌وانه وا ده‌كه‌ن هه‌ماهه‌نگی جوڵه‌كردن و شوێنپێهه‌ڵگرتنی دوژمن قورس بێت.
*سنورداربوونی بینین: بوونی باڵه‌خانه‌كان و شه‌قامه ته‌سك و ته‌نگه‌به‌ره‌كان، وا ده‌كات هێزه‌كان به زه‌حمه‌ت یه‌كتر ببینن، یان تێیدا به‌كارهێنانی تانك و زرێپۆشه‌كان سه‌خت ده‌بێت. هه‌روه‌ها به زه‌حمه‌ت ده‌ستنیشانی شوێنی ئه‌و هێزانه ده‌كرێت كه به‌رگری له شاره‌كه ده‌كه‌ن.
*روماڵی به‌رفراوان: چه‌كداره‌كانی ناو شاره‌كه، ده‌توانن بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئاگری چه‌كه‌كانی دوژمن، باڵه‌خانه‌كان به‌كاربێنن و پانتایی جه‌نگه‌كه فراوانتر بكه‌ن.
*خه‌ڵكی مه‌ده‌نی: شه‌ڕكردن له ناو شار و شوێنی ئاوه‌دان و نیشته‌جێبوون، ده‌بێته هۆی كوشتن و برینداربوونی هاوڵاتی مه‌ده‌نی. له‌م جۆره شه‌ڕه‌دا سوپای داگیركه‌ر، زۆر دڵڕه‌قانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دانیشتوانی شاره‌كه ده‌كات.
به‌ناوبانگترین جه‌نگی شاره‌كان چین؟
له مێژووی هاوچه‌رخدا، نمونه‌ی به‌رچاو هه‌یه بۆ جه‌نگی شاره‌كان كه تێیدا بۆ كوشتنی هاوڵاتی مه‌ده‌نی و روخاندنی باڵه‌خانه و خانووه‌كان، هه‌مو جۆره چه‌كێك به‌كارهاتووه. له‌وانه:
1-جه‌نگی ستالینگراد له میانه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1942 بۆ 1943، ئه‌م شه‌ڕه كه 5 مانگی خایاند و تێیدا زیاد له ملیۆنێك كه‌س كوژران، له مێژوودا به‌یه‌كێك له خوێناوی‌ترین شه‌ڕی شاره‌كان داده‌نرێت.
2-جه‌نگی ڤێتنام له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1955 بۆ 1957، جه‌نگێكی دوور و درێژ و ئاڵۆز بوو.
*جه‌نگی یه‌كه‌می گرۆزنی له چوارچێوه‌ی جه‌نگی شیشاندا، له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1994 بۆ 1996، له‌و جه‌نگه‌دا هێزه‌كانی سوپای روسیا، بوونه هۆی خستنه‌وه‌ی لانی كه‌م 130 هه‌زار قوربانی.
*جه‌نگی ئۆردوگای جه‌بالیا: له 29 ئه‌یلولی ساڵی 2004 ده‌ستیپێكرد و تا 17 تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ به‌رده‌وام بوو. له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌تیبه‌كانی قه‌سام، رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئیسرائیل بوونه‌وه و له میانه‌ی چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێك، ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانی ئیسرائیلیان كوشت و بریندار كرد. حه‌ماس له‌و شه‌ڕه‌دا، له رێگه‌ی دانانی بۆمبی قورمیشكراو، زنجیره‌یه‌ك بۆسه‌ی بۆ هێزه‌كانی ئیسرائیل نایه‌وه.
*جه‌نگی عێراق له ساڵی 2003: له نێویدا شه‌ڕیی شاری فه‌لوجه له به‌رواری 7 تشرینی دووه‌م تا 23 كانوونی دووه‌می ساڵی 2004. ئه‌وه یه‌كێك بوو له قورسترین شه‌ڕه‌كان.
*جه‌نگی سوریا: كه له ساڵی 2011وه، ده‌ستی پێكردووه و جه‌نگێكی كاره‌ساتئامێزی خوێناوییه، له‌وانه شه‌ڕی شاری حه‌له‌ب له ساڵی 2016.
*جه‌نگی موسڵ ساڵی 2014: ئه‌وه نموونه‌یه بۆ دۆزه‌خی جه‌نگی شاره‌كان، تێیدا شه‌ڕێكی به‌رفراوانی تونێله‌كان بینرا. هه‌روه‌ها به گوێره‌ی خهمڵاندهكانی ئاژانسی "ئه‌سۆشێتد پریسی ئه‌مریكی"، له‌و شه‌ڕه‌دا نزیكه‌ی نۆ هه‌زار هاوڵاتی كوژران.
*جه‌نگی ماریۆپۆل له ئۆكرانیا: له‌وێدا چه‌كداره‌كانی ئۆكرانیا، بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا، خۆیان به تووندی حه‌شاردابوو، توانییان بڕێك له هێزه‌كانی روسیا تێكبشكێنن و پێشڕه‌ویان سست و خاوبكه‌نه‌وه. راپۆرته‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن نزیكه‌ی له سه‌دا 90% شاره‌كه وێران بووه.
تا ئێستا حه‌ماس چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك خۆڕاگر بووه؟
راپۆرته خۆرئاواییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، كۆمه‌ڵێك توانای هه‌یه، وایلێكردووه چه‌كداره‌كانی تا ئێستاش، به‌رگه‌ی له‌شكركێشی زه‌مینی ئیسرائیل بگرن، دیارترین تواناكانی بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
*بوونی تۆڕێك له تونێلی توند و تۆكمه و به‌هێز بۆ شاردنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی، ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌و چه‌كدارانه بتوانن به ئاسانی بجووڵێن و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیسرائیله‌وه به زه‌حمه‌ت بدۆزرێنه‌وه. هه‌روه‌ها وا ده‌كات چه‌كداره‌كان له ژێر زه‌وییه‌كه‌وه هێرش بكه‌ن.
*هه‌ڵگرتن و عه‌مباركردنی بڕێكی زۆر و زه‌وه‌نده‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته و پێداویستی لۆجستی.
*شاردنه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی له وه‌رشه‌ی بچوك بچووكی ژێڕ زه‌وی.
*بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی باشی بزووتنه‌وه‌كه به دانیشتوانه‌وه، چه‌كداره‌كان هه‌مویان خه‌ڵی غه‌ززه‌ن و كۆمه‌ك و پاڵپشتیان لێده‌كرێت.
*به‌گوێره‌ی راپۆرته سه‌ربازییه‌كان، شه‌ڕی غه‌ززه له شه‌ڕی ستالینگراد یان له شه‌ڕی یه‌كه‌می فه‌لوجه ده‌چێت.
*توانای خۆشاردنه‌وه و خۆحه‌شاردان له نێو باڵه‌خانه و خانووه‌كانی نیشته‌جێبووندا و سودوه‌رگرتن له خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌و ئۆتۆمۆبیله سه‌ربازیانه‌ی هاتوونه‌ته ژووره‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، ئه‌و هێزانه‌ی ئیسرائیل كه هاتونه‌ته ژووره‌وه بۆ كه‌رتی غه‌ززه، له‌سه‌ر زه‌وی تووشی ناره‌حه‌تی و ئاڵۆزی زۆر ده‌بن، له‌وانه:
*ته‌كنه‌لۆژیای مۆدرێن، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت بۆ ژێر زه‌وی، له‌وانه مانگه ده‌ستكرده‌كان و چاودێریكردن له رێگه‌ی به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان.
*تێهكهڵبوونی شه‌پۆلی له‌ره‌له‌ره‌كان له نێوان باڵه‌خانه هه‌ور بڕه‌كان و شه‌پۆلی رادیۆكان.
*تانك و زرێپۆشه‌كانی ئیسرائیل، روبه‌ڕووی سه‌ختی شه‌قامه‌كانی غه‌ززه ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات چه‌كداره‌كانی حه‌ماس، له مه‌ودای نزیكه‌وه زهفهران پێببه‌ن و ده‌ستیان لێبوه‌شێنن.
*تانكه‌كان له ناوه‌وه، مه‌دای بینینیان سنوورداره و ناوچه‌ی كوێر نابینن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان نه‌توانن ئامانجه نزیكه‌كان ده‌ستنیان بكه‌ن، هه‌ر بۆیه پێویستیان به هێزی پیاده هه‌یه تاكو بیانپارێزن.
*تانك و زرێپۆشه‌كان، له شاره‌كاندا توانای مانۆڕكردنیان نییه، ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی چه‌كداره هێرشبه‌ره‌كان لێیان، ئه‌گه‌رێكی گه‌وره‌بێت.
لێدوانه‌كانی ڤلادیمێر ئیگۆر شاره‌زای سه‌ربازی بۆ پێگه‌ی سكای نیوزی عه‌ره‌بی:
*جه‌نگی شاره‌كان قورسترین و ئاڵۆزترینی جه‌نگه‌كانه، چونكه شاره‌كان خاوه‌نی ژینگه‌ی جیاوازن، له‌گه‌ڵ بوونی ژێرخانی پێشكه‌وتوو و دانیشتوانی مه‌ده‌نی. ئه‌مه وا ده‌كات بۆ هێزه هێرشبه‌ره‌كان، زه‌حمه‌ت بێت كۆنترۆڵی شاره‌كه یان كۆنترۆڵی ئه‌و هێزانه بكات كه به‌رگری له شاره‌كه ده‌كه‌ن.
*تانكه‌كان له‌و جۆره شه‌ڕانه‌دا، پێویستیان به‌وه‌یه له‌لایه‌ن هێزی پیاده‌وه، پارێزگاریان لێبكرێت. ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌و هێزه پیادانه، له‌لایه‌ن به‌رگریكاران له شاره‌كه و ئه‌وانه‌ی خۆیان له باڵه‌خانه‌كان و تونێله‌كاندا شاردووه‌ته‌وه، بكرێنه ئامانج و زه‌بری گه‌وه‌ریان به‌ركه‌وێت.
*ئه‌و جۆره جه‌نگه، سروشتێكی خوێناوی و كوشنده‌ی توندوتیژی هه‌یه. زۆرجار پێكدادانه‌كان، له نزیكه‌وه و به چڕی رووده‌دان. ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ كه‌وتنه‌وه‌ی زیانی گیانی گه‌وره.
*جه‌نگی شاره‌كان بۆ سوپای مۆدرێن، ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یه، ئه‌م سوپایانه پێویسته له ئاماده‌باشییه‌كی گه‌وره‌دابن بۆ شه‌ڕكردن له ژینگه‌ی ئاڵۆزی پڕ له دانیشتوان.
*ده‌بێته هۆی وروژاندنی هه‌ستی مرۆیی و ئاواره‌كردن و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتوان و وێرانكردنی ژێرخانی شاره‌كه، ناسه‌قامگیری ئابوری و به‌رزبوونه‌وه‌ی تێكڕای رێژه‌ی تاوان و تووندوتیژی زیاد ده‌كات.
*ده‌بێت هێزه هێرشبه‌ره‌كان، مه‌شق و راهێنانی تایبه‌تیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره شه‌ڕه كردبێت، زانیاری زۆریان له‌سه‌ر ژینگه و تۆبۆگرافیای ئه‌و شاره هه‌بێت كه ده‌یه‌وێت په‌لاماری بدات.
*بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، پێویستی به دانانی پلانی ورد هه‌یه.
*جه‌نگی شاره‌كان بۆ سوپای نیزامی هێرشبه‌ر، به قورسترین جه‌نگه‌كان داده‌نرێت. به‌ڵام هێزه نا نیزامییه‌كان حه‌زیان له‌م جۆره جه‌نگه‌یه، چونكه خاوه‌نی سیفه‌تی په‌لاماردانی له‌ناكاو و غافڵگیرن و سیفه‌تی دیكه‌ن كه یارمه‌تیان ده‌دات توانا تهكنهلۆژییهكهی سوپای نیزامی په‌كبخه‌ن و پوچه‌ڵی بكه‌نه‌وه.
*باڵه‌خانه و خانووه‌كان، شوێنی خۆشاردنه‌وه بۆ هێزه به‌رگریكاره‌كان دابین ده‌كه‌ن، له هه‌مانكاتدا هێزه هێرشبه‌ره‌كان له مه‌ودایه‌كی نزیكدا، روبه‌ڕووی په‌لاماری له‌ناكاو و مین و بۆسه ده‌بنه‌وه.
*هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی قوربانی ئه‌و جۆره جه‌نگه‌ن، هه‌ندێكجار سوپا گه‌وره و پڕ چه‌كه‌كان، له‌م جۆره جه‌نگه‌دا سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تی به‌ده‌ستناهێنن و ئاراسته‌ی جه‌نگه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردادێت.
PM:07:02:17/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 644
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت