وەزارەتی‌ دارایی عێراق: ژمێرەی‌ کۆتایی بودجەی‌ ساڵانی 2017 بۆ 2019 ئامادەکرا


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی‌ دارایی عێراق رایگەیاند، ژمێرەی‌ کۆتایی خەرجکردنی‌ بودجەی‌ ساڵانی‌ 2017 بۆ 2019 ئامادەکراوە و کار لەسەر ئامادەکردنی‌ ژمێرەی‌ کۆتایی ساڵانی 2020 بۆ 2022 دەکەن.

 
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رۆژی 13ـی تشرینی‌ دووەمی‌ 2023، وەزارەتی‌ دارایی عێراق لە راگەیةندراوێکدا ئاشکرایکرد، بۆ "یەکەمجار" ژمێرەی‌ کۆتایی بودجەی‌ ساڵانی‌ 2017 بۆ 2019 ئامادەکراوە و نێرداوە بۆ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی عێراق بەمەبەستی‌ وردبینیکردن تيایدا.
 
وەزارەتی‌ دارایی عێراق ئاماژەی‌ بەوە داوە، کارکردن بۆ ئامادەکردنی‌ ژمێرەی‌ کۆتایی ساڵانی‌ 2020 بۆ 2022 بەردەوامە.
 
ژمێرەی‌ کۆتایی تایبەتە بە وردەکاریی‌ داهات و خەرجی بودجەی‌ ساڵانە، کە لەساڵی‌ 2014ـەوە نەنێردراوە بۆ پەرلەمان.
 
ئەو هەنگاوەی‌ وەزارەتی‌ دارایی عێراق لەدوای‌ ئەوە بوو، 12ـی تشرینی‌ دووەم دادگەی‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق بڕیارێکی‌ دژی ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق دا و پابەندی کرد بەوەی‌ ژمێرەی‌ کۆتایی خەرجکردنی‌ بودجە رەوانەی‌ پەرلەمان بکات.
 
بەگوێرەی‌ بڕگەی‌ سێی‌ مادەی‌ یەکەمی یاسای‌ کارگێڕی‌ دارایی ساڵی‌ 2019، دەبێت لە 31ـی کانوونی‌ یەکەمی‌ هەموو ساڵێکدا ژمێرەی‌ کۆتایی بودجە بۆ ئەو ساڵە پێشکێش بکرێت، کە داهات و خەرجی‌ ئەو ساڵەی‌ تيادابێت و پێویستە لەلایەن وەزارەتی‌ داراییەوە ئامادە بکرێت و بدرێتە حکومەت تا لەوێوە رەوانەی‌ پەرلەمان بکرێت.


AM:11:47:14/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت