ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیارەکە بۆ هەرێم دەنێردرێت

‌نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی هەرێم بۆ خستنەڕووی خەرجی و داهاتی مانگەکانی حه‌وت و هه‌شت و نۆ و ئاڕاستەکردنی بۆ وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ دەچنەوە بەغدا. دەشڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیارەکە دەگاتە هەرێم".


نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای یه‌كێتی راگەیاند: ئەمڕۆ شاندی هەرێم بۆ وردبینی و پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی سێ مانگی رابردوو سەردانی بەغدا دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی 700 ملیارەکە چەند رێکارێکی کارگێڕی ماوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی ھەرێم.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بودجە پێویستە هەرێم مانگانە خەرجی و داهاتی خۆی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار وابوو دوو هەفتە بەر لە ئێستا بەغدا 700 ملیار دینار قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

فەرمانبەرانی‌ هەرێم مووچەی‌ سێ مانگیان لای‌ حکومەتی‌ هەرێمە و حکومەتی‌ هه‌رێمیش چاوەڕوانی‌ بەغدایە بۆ دابەشکردنی‌ مووچە.


AM:11:23:30/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 2800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت